نهێنیی بانگەشەی میدیای فەرمیی ئێران بۆ خستنەخوارەوەی F35 ئاشکرا بوو

فڕۆکەی جەنگیی F35 . وێنە: ماڵپەڕی ڕویداد 24
فڕۆکەی جەنگیی F35 . وێنە: ماڵپەڕی ڕویداد 24

پەیمان جەبەلی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران 'سەدا و سیما'، ڕایگەیاند، لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا، سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران، هەواڵی پێکانی فڕۆکەیەکی F35ی ئیسرائیلییان بڵاو کردەوە، بەڵام ئەو هەواڵە ڕاست نەبوو و ئەوەش بووەتە مایەی لە دەستدانی متمانەی خەڵک بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن.

پێگەی هەواڵی 'ڕوویداد24' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە "ڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بەوەی کە ئێران فڕۆکەیەکی ' F-35' ی ئیسرائیلی پێکاوە، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. سەیرتر ئەوە بوو کە تەنانەت دەگوترا ژنە فڕۆکەوانە ئیسرائیلیەکەی فڕۆکەکەش، لە لایەن ئێرانەوە بەدیل گیراوە." 

هێشتا بەشی سەرەکی ئەم هەواڵە لەسەر بنەمای "دەنگۆ و بیستراوەکان" بوو کە ڕاگەیەندراوی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران، دۆخی هەواڵەکەی گۆڕی. ئەم دامەزراوە سەربازییە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "هێزی بەرگریی ئاسمانی دوو فڕۆکەی جەنگی F-35ی ئیسرائیلیان بە سەرکەوتوویی پێکاوە و تێکیشکاندوون".

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمیی سەربازییەوە هەواڵێکی گرنگ بوو؛ بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا گومانێکی لەسەر بوو، چونکە زۆرێک لە پەیامنێران و شارەزایانی بواری سەربازی جەختیان دەکردەوە لەوەی بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی کارکردنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 و تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی، ئەگەری پێکانی نزیکە لە سفر.

14ی حوزەیرانی 2025، سەدا و سیما، هەواڵی پێکرانی فڕۆکەیەکی دیکەی F-35ی لە ئاسمانی ڕۆژئاوای وڵات بڵاو کردەوە؛ هەڵبەت جەختی کردەوە کە ئەم بابەتەی لە زاری "پەیوەندییە گشتییەکانی سوپا"وە ڕاگەیاندووە. هەواڵەکە، بە بەکارهێنانی وشەی "دیکە" تەنانەت ئەم تێگەیشتنەی بۆ بینەر و بیسەر دروست دەکرد کە دوو فڕۆکەی جەنگی F-35 لەلایەن ئێرانەوە تێکشکێنراون.

دوو ڕۆژ دواتر، دیسانەوە ئەم بانگەشەیە لەلایەن بەرپرسێکی حکوومییەوە دووبارە کرایەوە. کاتێک ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' لە زاری جێگری ئەمنیی پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بڵاوی کردەوە "فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی F-35ی ئیسرائیلی لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی هێزە چەکدارەکانمانەوە کە لە تەورێز جێگیرکراون، بە مووشەک پێکرا و خرایە خوارەوە."

سەیرتر ئەوە بوو کە لە ماوەی 3 ڕۆژدا، واتە لە 13 تا 16ی حوزەیران،  ژمارەی ئەو فڕۆکە جەنگییانەی کە ئێران تێکیشکاندبوون گەیشتە چوار دانە!

چیرۆکی بەدیلگرتنی فڕۆکەوانی ئەم فڕۆکە جەنگییەش لە خودی هەواڵەکە کەمتر نەبوو. ئاژانسی هەواڵی تەسنیمیش لە 13ی حوزەیرانی 2025، نووسی کە "فڕۆکەوانی یەکێک لەم فڕۆکە جەنگییانە کە ژنە، بە دیل گیراوە."  

حوسێن سولەیمانی، سەرنووسەری ماڵپەڕی نەریتخوازی "مەشرق نیوز"یش لە نووسینێکدا کە دواتر، سڕییەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیبووی "بەزوویی دانپێدانانی فڕۆکەوانە بەدیلگیراوەکانی ئیسرائیل بڵاو دەکرێتەوە".

هەر لەو ڕۆژانەدا، هەندێک لە میدیاکان بۆ سەلماندنی بانگەشەکەی خۆیان، دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی ساختە لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سەرۆکی ئەمەریکاش پێکانی فڕۆکە F-35ی ئیسرائیل و بەدیلگرتنی فڕۆکەوانە ژنەکەی پشتڕاست کردووەتەوە. هەواڵێک، کە دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک، دەرکەوت ڕاست نییە.

کاتیک پێشکەشکاری سەدا و سیما، هۆی نیشاننەدانی وێنە و ڤیدیۆی فڕۆکە تێکشکێنراوەکە و فڕۆکەوانەکەی لە میوانێکی پسپۆڕ، پرسی؛ میوانەکە، ئەوەی بە بابەتێکی ئەمنی و سەربازیی ناساند و خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی پرسیارەکە دزییەوە. 

هەژماری فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس، گاڵتەی بە بانگەشەکانی ئێران کرد و نووسیی"بۆچی هێشتا وێنەی فڕۆکەوانە دیلکراوەکانمانی بڵاونەکردووەتەوە؟ ئێمە زۆر نیگەرانین!"

دۆخی ئەم هەواڵسازکردنە ئەوەندە ئاڵۆز بوو کە بەرپرسێکی باڵای ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە 'ئێکس' نووسی "باسی چی دەکەن؟ خستنەخوارەوەی کام  F35 ؟ ئەگەر بەڵگەیەکی بەهێزتان بۆ سەلماندنی هەیە، دەی ناوی خوای لێ بێنن و بڵاوی بکەنەوە!"

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل