وەزیری دەرەوەی هەنگاریا: ئێمە ناچینە ئەو شەڕەی ئەورووپا دژی ڕووسیا هەوڵی بۆ دەدات
پیتەر سیاریتۆ، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا دوژمنایەتی بەرامبەر ڕووسیا هان دەدەن و کار بۆ تێکدانی دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە ئۆکرانیا دەکەن.
دووشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پیتەر سیاریتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا، دەڵێت،"ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات هەمان شتە کە دوای دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ لە ساڵی 2022 ڕوویدا، هەروەها هەمان بابەتە کە دوای کۆبوونەوەی ئەلاسکا ڕوویدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە،"سیاسەتمەدارانی ئەورووپا و برۆکسل و هێزە سیاسییەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا بە کردەوە هەوڵی تێکدانی دانوستانەکانی ئاشتی دەدەن، دڵنیام چیتر ئەوان لە مەبەست و قسەکانی من ڕازی نین"، "هاندەری شەڕن و بە ئاشکرا هەوڵدەدەن هەموو کیشوەری ئەورووپا بکێشنە ناو شەڕوە لەگەڵ ڕووسیا".
جەختی لەوەکردوەتەوە، هەنگاریا دەبێت "خۆی لە هەموو ئەمانە دوور بخاتەوە"، بەرەنگاری فشارەکانی وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا ببێتەوە و ڕێگە نەدات ڕایکێشنە ناو "جەنگەکەیانەوە".
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، پێشتر ڕایگەیاندبوو، سەرکردەکانی ئەورووپا بە جددی بڕیاریان داوە تا ساڵی 2030 لەگەڵ ڕووسیا شەڕ بکەن، هەروەها ئەرکی بوداپێستە هەوڵ بدات بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا نەکات.
لای خۆیەوە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، پێشتر ڕایگەیاندووە، ڕووسیا نیازی نییە شەڕ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر ئەورووپا بڕیاریدا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی بکات و دەستپێشخەری بکات، مۆسکۆ دەستبەجێ ئامادەیە و وەڵامی توندی دەبێت.
قسەکانی پیتەر سیاریتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا، لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە بارەگای ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان لە بارەی ئاشتی ئۆکرانیا بە ئامادەبوونی ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا و ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا بۆ گفتوگۆکردن کە سەر هەمواری چەند خاڵێکی پلانە 20 خاڵیەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا بەڕیوەدەچێت.
