دایکی هێرشبەرەکەی سیدنی: کوڕەکەم پێی گوتم دەچمە ڕاوەماسی

هێرشەکەی ئوستراڵیا
هێرشەکەی ئوستراڵیا

کرێکارێکی گەنج کە کار لە دروستکردنی باڵەخانەکان دەکات، وێنەکانی لە کامیرای چاودێری وەرگیران و بڵاوکرانەوە کاتێک هێرشی کۆمەڵکوژی جووەکان لە سیدنی ئەنجام دەدات، دایکەکەشی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەنێو ماڵەکەی خۆیدا کە پۆلیس دەورەی داوە، گوتی: کوڕەکەم کوڕێکی زۆر باشە، ئەو بە منی گوت دەچێتە ڕاوەماسی.

دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەنووسانی ئوستراڵیا و جیهان، ڕوویان لە ماڵی( ناڤید ئەکرەم)ـی 24 ساڵە کرد کە تۆمەتبارە بە کۆمەڵکوژی جووەکان لە سیدنی، بەپێی زانیارییەکان،  ئێستا تەنیا دایکی(ناڤید) کە ناوی( فیرینا)یە، لەو ماڵەدا دەژیت و ڕۆژنامەنووسان ڕووی پرسیاریان لە دایکەکە کرد، ئایا کوڕەکەی هیچ بیرێکی توندەڕەوی، یاخود نەخۆشییەکی دەروونی هەبووە؟ دایکەکە ڕەتی کردەوە کوڕەکەی هیچ کێشەیەکی هەبووبێت، دەڵێت: کوڕەکەم زۆر هێمن و لەسەرخۆ بوو، کرێکاری دروستکردنی باڵەخانە بوو، جگەرە ناکێشێت و دوورە لە خواردنەوە حکوولییەکانیش، دەڵێت: کوڕەکەم پێی گوتم کە لەگەڵ باوکی کۆتایی هەفتە، دەچێتە گەشتێکی کەنار دەریا بۆ ڕاوەماسی لە کەنداوی(جێرفیس).

ڕۆژنامەی (سیدنی مۆرنینگ هیراڵد) لە زاری(فیرینا)ـی دایکی(ناڤید) بڵاوی کردووەتەوە، کوڕەکەی بەر لەوەی هێرشەکە ئەنجام بدات، ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندی پێوە کردووە و پێی گوتووە دەچێتە گەشتی ڕاوەماسی و مەلەکردن.

دەشڵێت: کوڕەکەی هیچ چەکێکی نەبووە، بەڵکو ئەو کرێکاری دروستکردنی باڵەخانە بووە، بەڵام دوو مانگ پێش ئێستا لە کارەکەی نەماوە.

لەبارەی ئەو دیمەنانەی کوڕەکەی کە لە کاتی هێرشەکەیدا بۆ سەر جووەکان لە سیدنی لە کامیرای چاودێری گیراوە و لە میدیاکانی ئوستراڵیا و جیهان بڵاوکرایەوە، فیرینای دایکی ناڤید ئەکرەمی هێرشبەرەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: من نەمتووانی کوڕەکەم بناسمەوە لەو دیمەنانەی بڵاوکرانەوە.

پۆلیسی ئوستراڵیا ناڤید ئەکرەمی لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کرد و بەچاودێریی توندی پۆلیس گواستیەوە نەخۆشخانە، چونکە ئێستا دۆخی ناڤید ناجێگیرە، باوکیشی لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی نیو ساوس وێڵز ڕایگەیاند: لە شوێنی ڕووداوەکەدا دەستیان بەسەر 6 پارجە چەکدا گرتووە، دەشڵێت: لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین بزانین ئەو چەکانەی بەکارهێندراون ڕێگەپێدراو و مۆڵەتدارن یاخود نا.

پۆلیس چووە سەر ماڵی هێرشبەرەکەی سیدنی و ماڵی خانەوادەکەشی لە بۆنی ڕیج و کامبسی، پێشبینی ئەوە دەکەن کە باوک و کوڕەکە بەر لە هێرشەکە لەوێ ژیابن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل