ترەمپ بە دەرکردنی 221 فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە واژۆکردنی 221ـەمین فەرمانی جێبەجێکردن، ژمارەی فەرمانەکانی لە تەواوی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی تێپەڕاند. بەگوێرەی شیکارییەکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە دەرکردنی ئەم ژمارە زۆرەی فەرمانی سەرۆکایەتییە.
نوێترین فەرمانی ترەمپ کە دوێنێ دووشەممە واژۆی کردووە، تایبەتە بە ناساندنی ماددەی هۆشبەری "فێنتانیل" وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ.
لە 20ی کانوونی دووەمی 2025ـەوە، ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، 220 فەرمانی لە تۆماری فیدراڵیدا بڵاو کردووەتەوە کە ڕاستەوخۆ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و پێویستیان بە ڕەزامەندیی کۆنگرێس نییە. ئەمە لە کاتێکدایە سێ سەرۆکی پێش خۆی (بایدن، ئۆباما و جۆرج بووش) ساڵانە تێکڕا 30 بۆ 40 فەرمانیان دەرکردووە. تەنیا فرانکلین ڕۆزڤێڵت لە کاتی جەنگی جیهانی و قەیرانی گەورەی ئابووریدا ڕێژەی لەو شێوەیەی هەبووە.
بەپێی داتاکان، 60%ـی فەرمانەکانی ترەمپ تایبەتن بە کاروباری ناوخۆیی و کەمتر لە 10%ـیان پەیوەستن بە سیاسەتی دەرەوە.
پرسە کۆمەڵایەتییەکان: 30%ـی فەرمانەکان پێکدەهێنن (وەک دژایەتیکردنی "کەلتووری وۆک"، مافە مەدەنییەکان، پەروەردە و تەندروستی).
ئابووری: 20%ـی فەرمانەکانن (بازرگانی، وەبەرهێنان و بەربەستی گومرگی).
بابەتی دیکە: بەرەوپێشبردنی زیرەکیی دەستکرد و دیاریکردنی شێوازی تەلارسازیی باڵەخانە فیدراڵییەکان.
هەرچەندە لە چوار مانگی سەرەتای دەستبەکاربوونیدا مانگانە زیاتر لە 30 فەرمانی دەردەکرد، بەڵام لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە ڕێژەکە دابەزیوە و لە ماوەی دوو مانگ و نیوی ڕابردوودا تەنیا نزیکەی 12 فەرمانی واژۆ کردووە.
