هێرشەکەی سەر تەدموور نیگەرانی زۆری لای بەرپرسانی عێراق دروستکردووە
هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی داعش بۆسەر هێزێکی سوپای ئەمەریکا لە شاری تەدمووری سووریا، نیگەرانی زۆری لەلای بەرپرسانی عێراق دروستکردووە و ترسیان لەوە هەیە، کە هەمان ڕووداو لەنێو خاکی وڵاتەکەیان دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان و بیابانییەکانی عێراق، کە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە هۆشداری لە شانە نووستووەکانی داعش لەنێو خاکی عێراق دەدرێت، کە ڕەنگە لە ئەگەری بوونی هەر خاڵێکی لاوازی هێزە ئەمنییەکان، داعش ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەو هێزە ئەمنییەکان بکاتە ئامانج.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی توندی بۆ پاراستنی سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا و ڕێگریکردن لە دزەکردنی داعش لەنێو ئەو وڵاتە گرتووەتەبەر، عەلاوی نیعمە، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، وڵاتەکەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە سووریا نیگەرانە و جەختی کردووەتەوە ،هێرشەکە ڕەنگدانەوەی هەڕەشەکانی داعشە، سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان دژی ئەو ڕێکخراوە، هێرشەکەی تەدموور دەریخست داعش هێشتا توانای ئەنجامدانی هێرشی هەیە و شانە نووستووەکانیشی هەڕەشەیەکی بەردەوامن.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکانی داعش لەنێو خاکی وڵاتەکەی، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ئاماژەی بەوە داوە، عێراق بە گرنگییەوە چاودێری هەوڵی هاوپەیمانان و حکوومەتی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکات، هەروەها ناتواندرێت ئاسایش و ئەمنییەتی سووریا لە ئاسایش و ئەمنییەتی عێراق جیا بکەینەوە، بەتایبەت کە سنوورێکی درێژ بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی بە میدیاکانی گوتووە، هێزەکانی عێراق ڕێکاری ئەمنی توندیان لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەیان و سووریا گرتووەتەبەر و هێرشەکەی تەدمووریش وەکوو ئاماژەیەکی مەترسیدارە دەبینن.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
سەبارەت بە ئەنجامدەری هێرشەکە سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندبوو، ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر شاندە سەربازییە هاوبەشەکە لە ناوەڕاستی سووریا، ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتی بووە.
سەرچاوەکە ، ڕوونی کردووەتەوە، ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدموور زیاتر لە 10 مانگە ئەندامی ئاسایشی گشتیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بووە، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ شاری تەدموور، لە چەند شارێکی دیکە کاریکردووە.
