ئێران نرخی بەنزین گران دەکات
حکوومەتی ئێران چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەنزین و زیادکردنی داهات، سیستەمێکی نوێی فرۆشتنی بەنزینی ختسوەتە کار.
بە گوێرەی ڕێکارەکانی سیستەمە نوێیەکەی حکوومەتی ئێران، خەڵکی وڵاتەکە ئەگەر لە مانگێکدا زیاتر لە 60 لیتر بەنزین بکڕن، دەبێ پارەیەکی زۆر زیاتر بە بەنزین بدەن، بۆیە چاوەڕی دەکرێ شەپۆلێکی دیکەی گرانبوونی نرخ و هەڵاوسان لە ئێران سەرهەڵبدات و دۆخێکی دژوار بەرۆکی خەڵکی بگرێت.
حکوومەتی ئێران نرخی نوێی فرۆشتنی بەنزینی بە بەنزینخانەکانی ئەم وڵاتە راگەیاندووە، بە گوێرەی سیستەمی نوێی نرخی بەنزین، شۆفیران دەتوانن مانگانە 60 لیتر بەنزین هەر بە نرخە کۆنەکە، واتا هەر لیترێک بە 1500 تومەن بکڕن، ئەگەر زیاتر لەو بڕە بەنزینیان پێویست بێت، ئەوا تاوەکو 100 لیتر بەنرخی 3000 تومەن دەبێت، هەر برێکیش لەوە زیاتر بکڕن بۆ هەر لیترێک بەنزین دەبێت پێنج هەزار تومەن بدەن، حکوومەتیش دەڵێت: "ئامانج لەم بڕیارە کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری بەنزینە، لە بەرانبەردا هاوڵاتییان دەڵێن:" گرانکردنی بەنزین شەپۆلێکی دیکەی گرانی و هەڵئاوسانی بەدوادا دێت".
ساسان فەیزی دانیشتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بۆ کوردستان24، دەڵێت:"ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئێران کاریگەری لەسەر تەواوی چالاکییەکانمان دەبێت، چونکە بۆ هاتووچۆی ڕۆژانە و گواستنەوەی سەرنشین و کەلوپەل ئۆتۆمبیل بەکاردەهێنین، بێگومان ئەوەش پێویستی بە بەنزین هەیە، بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکەی حکوومەتی ئێران، هەموومان زیانمان پێدەگات و کار و چالاکییەکانمان کەم دەبێتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی و ژیانمان دروست دەکات.
حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە "دیاریکردنی سێ نرخ بۆ بەنزین کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکی هەژار نابێت، بە پێچەوانەوە حکوومەت پارەیەکی زیاتر لەو دەوڵەمەندانە وەردەگرێت کە بەنزینێکی زیاتر بەکار دێنن، ئەم پارەیەش بۆ خەڵکی هەژار خەرج دەکاتەوە، بەڵام خەڵکی ئێران پێیانوایە ئەو گرانییەی بە دوای گرانبوونی بەنزیندا هەموو بازاڕ دەگرێتەوە، کاریگەریی لەسەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە تایبەتیش هەژاران دەبێت.
ئەحمەد مووسەوی، دانیشتووی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کورستان24ـی گوت:"بڕیارەکەی حکوومەتی ئێران، تەنیا کاریگەری لەسەر ئەوانە نابێت کە ئۆتۆمبیلیان هەیە، بەڵکو لێکەوتەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ژیانی هەمووان ئاڵۆز و سەخت دەکات".
گرانکردنی بەنزین بە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەیە کە "مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران"، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا بە خەڵکی دابوو، دوایین جار کە حکوومەتی ئێران لە ساڵی 2019دا بەنزینی گران کرد، لە 100 شاری ئێران خۆپیشاندان کرا و 1500 کەس لە خۆپیشاندەران بەهۆی توندوتیژییەکانەوە کوژران، بۆیە لە ساڵانی ڕابردوودا حکوومەت هەموو کات بە خۆپارێزییەوە باسی گرانکردنی بەنزینی کردووە.
