کچە وەرزشوانێکی کورد ئاڵای کوردستان دەخاتە کتێبێکی دانیمارکییەوە

لە وڵاتی دانیمارک، کچە وەرزشوانێکی کورد بەناوی "ڤالێنتینا ماهر جەمیل"، بەهۆی لێهاتوویی بێوێنەی لە بواری وەرزشی جمناستیک و پابەندبوونی بە خوێندنەوە، چیرۆکەکەی دەچێتە نێو کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنەوە، لەسەر داوای تایبەتیی خۆیشی، ئاڵای کوردستان لە تەنیشت دەقەکەدا چاپ دەکرێت.

ڤالێنتینا تەمەنی 14 ساڵە و لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی "قوجەمان"ی سەر بە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، هەرچەندە لە تەمەنی دوو مانگییەوە لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتووەتە دانیمارک، بەڵام توانیویەتی پارێزگاری لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بکات. ئەو لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەستی بە جمناستیک کردووە و تا ئێستا لە کۆی 9 پاڵەوانێتی، 7 میدالیای زێڕ و 2 میدالیای زیوی بەدەستهێناوە.

بەهۆی ئەوەی ڤالێنتینا نموونەی قوتابییەکی سەرکەوتوو بووە لە هاوسەنگکردنی وەرزش و خوێندن، خوێندنگەکەی بڕیاریاندا چیرۆکەکەی لە کتێبێکی وانەوتنەوەدا بڵاوبکەنەوە. ڤالێنتینا ڕایگەیاند، کاتێک مامۆستاکەی لەبارەی ئاڵای کوردستان پرسیاری لێکردووە ، ئەو داوای کردووە لەپاڵ چیڕۆکەکەی ئاڵای کوردستان دابندرێت .

 ئێستا ڤالێنتینا وەک یاریدەدەری ڕاهێنەر لە یانەی (سێکهایل) ڕاهێنان بە منداڵان دەکات. ماهر جەمیل، باوکی ڤالێنتینا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ وەک خێزانێک لە تاراوگە هەمیشە هەوڵیان داوە خۆشەویستی کوردستان و زمانی کوردی لە دڵی منداڵەکانیاندا بچێنن و داواشی لە خێزانە کوردەکانی دیکە کرد، لە ماڵەوە بە کوردی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن و پشتگیرییان بکەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل