پوتن: مەترسیی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئەورووپا تەنیا خەیاڵە و ڕۆژئاوا جەنگی هەڵگیرساند

پوتن
پوتن

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە نیازی وڵاتەکەی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر ئەوروپا و بە خەیاڵی پووچ وەسفیان دەکات، هاوکات بەرپرسیارێتیی هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان ناوزەدیان دەکات.

سەرۆکی ڕووسیا لە نوێترین لێدوانیدا ڕوونی کردووەتەوە، ئەوە مۆسکۆ نەبووە جەنگی لە ئۆکرانیا دەست پێ کردووە، بەڵکو سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و پشتیوانییان لە دەسەڵاتێکی سەرکوتکار لە کیێڤ، هۆکاری سەرەکیی تەقینەوەی دۆخەکە بوون لە ساڵی 2022دا.

 پوتین بە توندی وەڵامی ئەو لێکدانەوانەی دایەوە کە باس لە مەترسیی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەکەن و ڕایگەیاند، هەر کەسێک بڕوای وابێت سوپای ڕووسیا پەلاماری ئەورووپا دەدات، ئەوا لە جیهانی خەیاڵدا دەژی و قسەکە بێمانایە، چونکە ئەم بۆچوونانە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە.
ئەم لێدوانانە دەگەڕێنەوە بۆ بەردەوامیی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە لە شوباتی 2022ـەوە دەستی پێ کردووە، لەو کاتەوە تا ئێستا، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگەکە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا و ئەندامانی ناتۆ دەربڕیوە و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ کیێڤ چڕ کردووەتەوە، بەڵام مۆسکۆ بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی ئەوان تەنیا پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانبوونی ناتۆیە، نەک داگیرکردنی ئەورووپا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل