بارانەکەی ئەم دواییە قەیرانی وشکەساڵی لە عێراق چارەسەر ناکات
وادیارە قەبارەی وشکەساڵی لە عێراق زۆر گەورەترە لەو شەپۆلە بارانبارین و لافاوەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەی گرتەوە. پسپۆڕانی بواری ئاو و ژینگە هۆشداری دەدەن و دەڵێن ئەم بڕە بارانەی باریوە، کەمتر لە %2ـی ئەو بڕە ئاوەیە کە عێراق پێویستییەتی بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی ئاو. هەروەها نەبوونی سیاسەتێکی ئاوی ڕوون لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ (سەرچاوەکانی ئاو) وەک کێشەیەکی سەرەکی دەبینرێت.
د. حەیدەر ڕەشاد، شارەزای ژینگە و ئاو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "قەبارەی کۆگاکردنی ئاوی عێراق 51 ملیار مەتر سێجایە. بەر لەم شەپۆلە بارانبارینەی ئەم دواییە، بڕی ئاوی کۆگاکراو بۆ تەنیا 8 ملیار مەتر سێجا دابەزیبوو، ئەمەش واتە ئێمە پێویستمان بە 43 ملیار مەتر سێجا ئاو هەبوو بۆ ئەوەی کۆگاکانمان پڕ ببنەوە. بەڵام ئەو بارانەی لەم چەند ڕۆژەدا باری، تەنیا 700 ملیۆن مەتر سێجای بۆ سەرچاوەکانی ئاوی عێراق زیاد کردووە، ئەمەش تەنیا دەکاتە 2%ـی ئەو بڕە ئاوەی کە وڵات پێویستییەتی."
سەلاح بۆشی، چاودێر گوتی: "هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاودا نییە، ئەوان دەستیان بەسەر ئەو ئاوەدا گرتووە کە دەبێت بێتە ناو خاکی عێراقەوە، من پێموایە دەبێت سیاسەتێکی ئاوی نیشتمانی دابڕێژرێت و بڕیارەکان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دوور بن لە هەموو جۆرە بەرژەوەندییەکی سیاسی و تەنیا بەرژەوەندی نیشتمانی لەبەرچاو بگیرێت."
ساڵح مەهدی، ماسیگرەو دەڵێت، "پێشتر کە تۆڕەکانمان فڕێ دەدایە ناو ڕووبارەکە، قوڵایی ئاوەکە لە نێوان 12 بۆ 14 مەتردا بوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و قوڵایی ڕووباری دیجلە لە هەندێک شوێن لە نێوان 3 بۆ 4 مەتر تێپەڕ ناکات."
شارەزایانی ژینگە و ئاو پێشبینی دەکەن کە ئەگەر حکوومەتی عێراق نەگاتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاو، قەیرانی بێ ئاوی لە هاوینی داهاتوودا زۆر سەختتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەت کە ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ماسیگر و جوتیاران زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
