ئێران کەسێکی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ مۆساد لە سێدارەدا

اژانسی هەواڵی 'میزان' بڵاویکردەوە، کەسێک بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە تاران لەسێدارەدرا، ئاماژەی بەوەشدا، ئەو تۆمەتبارە پەیوەندی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیشەوە هەبووە.

ئاژانسی هەواڵی 'میزان'ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، کەسێک لە تاران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و پەیوەندی بە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.

ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، بەوردی بەدوای ئەوکەسانەدا دەگەڕێت کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، هەر بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا دەیان کەسی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی مۆساد لە سێدارەداوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی کە بنکەکەی لە ئۆسلۆیە، لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ئەو کەسە کە ناوی عەقیل کەشاوەرز، قوتابی تەلارسازییە و تەمەنی 27 ساڵ بووە، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بە پشتبەستن بەو دانپێدانانەی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا داویەتی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، ئێران شەش کەسی بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەسێدارەداوە، ئەمە جگە لە چەکدارێکی کورد کە بە تاوانی تیرۆرکردنی پیاوێکی ئایینی سزا دراوە.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، شەش کەس کە ئەندامی گرووپێکی "تیرۆریستی"ـن و بە تاوانی ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵات لە سێدارەداوە.

وێنەی، عەقیل کەشاوەرز

 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل