سەرۆکی ڕەوتی حیکمە: عێراق پێویستی بە حکوومەتێکی بەهێزە نەک لەرزۆک

عەمار حەکیم: بۆشایی سیاسی لە ناکۆکیەکان مەترسیدارترە

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی هۆشداریدا لەوەی کە بۆشایی سیاسی مەترسیدارترە لە ناکۆکی، جەختیشی کردەوە، عێراق پێویستی بە حکوومەتێکی "بەهێزە نەک لەرزۆک"، هاوکات داوای گفتوگۆی بوێرانەی لە لایەنە سیاسییەکان کرد.

ئەمڕۆشەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەمار حەکیم لە وتارێکیدا لە میانی ڕێوەڕەسمی یادکردنەوەی 'سەید محەممەد باقر حەکیم' گوتی: "عێراق لەم قۆناغە هەنووکەییەدا پێویستی بە یەکڕیزیی سیاسی و بڕیاری ورد هەیە کە گەل بپارێزێت."

عەمار حەکیم پێشنیازی کرد بۆ ئەوەی "بەرنامەی حکوومەت لەسەر سێ قۆناغی کاتیی بنیات بنرێت، کە ماوەکەی 100 ڕۆژ بێت بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتە بەپەلەکان"، گوتیشی، "لەو ماوەیەدا جددییەتی حکوومەت دەپێورێت لە ڕێگەی ئەو دۆسیانەی کە هاووڵاتی ڕۆژانە هەستیان پێدەکات وەک کارەبا، ئاو، بێکاری، ڕەوتی خزمەتگوزارییەکان، ڕێکارەکانی دەستپاکی، و ڕیزبەندکردنی ئەولەویەتە داراییەکان."

سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی شیعە ئاماژەی بەوەشدا، "قۆناغی دووەم بریتییە لە ساڵی چاکسازی بۆ کارگێڕی و حوکمڕانی، تێیدا چاکسازییە هەیکەلییەکان تەواو دەکرێن لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە ڕۆتین، چاکسازیی سیستەمەکانی باج و خەرجی، پەرەپێدانی کارگێڕی و جێگیرکردنی بنەماکانی شەفافییەت لە گرێبەست و پڕۆژەکاندا."

عەمار حەکیم باسی لە قۆناغی سێیەم کرد و گوتی، بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام دەبێت بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، تێیدا سەرکەوتنی دەوڵەت دەپێورێت بە توانای لە ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و باشترکردنی ژێرخان و بنیاتنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن."

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل