فلۆرێنتینۆ پێرێز سیناریۆیەكی شێتانەی لە مێشكی دایە
پێدری دەتوانێت 5 دەستکەوتی باوەڕپێنەکراو بۆ ڕیاڵ مەدرید بباتەوە
بەگوێرەی سەرچاوەیەكی راگەیاندنی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید دەیەوێت كودەتایەكی جەرگبڕ بەسەر بارسێلۆنا دا بكات و پێدری بگوازێتەوە، پێشتر مارسێلۆ، دیارترین ئەستێرەی مێژووی ریال مەدرید لە لێدوانێكدا دەڵێت: پێدری هەموو سیفەتەكانی یاریزانی ریال مەدریدی تێدایە، ئەگەر بەدەست من بووایە یەكسەر گرێبەستم لەگەڵی دەكرد.
بەگوێرەی پێگەی كۆپێ ئیسپانیا، ئەم قسانەی مارسێلۆ ئۆفەرێكی نهێنی و ناڕاستەوخۆیە بۆ پێدری، رەنگە ئەم وشەیە كۆدێك بێت كە دەرگا بەڕووی ئەو یاریزانەدا بۆ ریال مەدرید بكاتەوە، چونكە قسەكانی مارسێلۆ پەیامێك بوو بۆ پێدری كە شوێنی شایستەی ئەو لێرەیە لەبێرنابیۆ نەك لە كامپ نوو.
ئەگەر بۆ ساتێك خەیاڵەكان بكەینە راستی و باسی ئەو بكەین ئەگەر ئەو سیناریۆیە شێتانەیە سەریگرت و ریال مەدرید لە ڕفاندنی گەوهەرە كەتەلۆنییەكە سەركەوتوو بوو، پێدری پێنج سوودی باوەڕپێـنەكراوی بۆ ریال مەدرید دەبێت.
1- فیگۆی نوێ: چەقویەك لە پشتی كەتەلۆنییەكان
بیهێنە بەرچاوت کاریگەری ئەم هەواڵە لە بارسێلۆنا تەنیا لە گواستنەوەی یاریزانێك كورت ناكرێتەوە، جەنگێكی دەروونی گەورە لە دڵی بارسێلۆنا بەرپا دەكات، چونكە گرێبەستکردن لەگەڵ پێدری یەکسەر سیناریۆی بەناوبانگی لویس فیگۆ دەهێنێتەوە بەرچاوی هەمووان.
بارسێلۆنا تەواوی پڕۆژەی داهاتووی خۆی لە دەوری پێدری و لامین یامال دروست دەکات و ڕفاندنی داڕێژەری پشت ئەم پڕۆژەیە گورزێکی کوشندەیە لە پلانەكانی داهاتووی بارسێلۆنا، ئەمەش دەبێتە پەیام و هەڕەشەیەكی گەورە كە تێیدا ڕیاڵ مەدرید تەنیا بە زاڵبوون لە نێو یاریگە رازی نییە، بەڵكو توانای ئەوەی هەیە بەنرخترین سەروەت و سامانیان لەژێر دەستیان دەربێنێت.
ئەم گرێبەستە بوومەلەرزەیەک دەبێت کە شكۆی بلاوگرانا دەشکێنێت و دەیاننێرێتە ناو قەیرانی کارگێڕی و هاندەرانەوە کە ڕەنگە ساڵانێکی زۆری بۆ چاکبوونەوە پێەیست بێت.
2- ونبوونی مامۆستا: ونبوونی پارچەیەك لە هێڵی ناوەڕاست
لە ئێستادا ڕیال مەدرید شانازی بە هێزی جەستەیی هێڵی ناوەڕاستی دەكات (کاماڤینگا، چۆامینی، ڤالڤێردی و بێلینگهام)، لە دوای ڕۆیشتنی مۆدریچەوە، تیپەکە زۆر بیری ئەو مایسترۆیەی کردووە.
ڕیاڵ مەدرید پێویستی بە کەسێکە کە بتوانێت تۆپەکە کۆنتڕۆڵ بکات و ئەو بۆشاییانە پڕ بكاتەوە كە یاریزانەكان لەدەستی دەدەن و پێدری باشترین كەسە بۆ ئەو رۆڵگێرانە. بوونی پێدری لەنێو پێكهاتەی ریال مەدرید ئازادییەكی زیاتری پێدەبەخشێت بەبێ ئەوەی بارگرانی هێڵی بەرگری بكەوێتە سەرشان.
3- دووانەیەکی مێژوویی: پێدری و بێلینگهام
بۆ ساتێک بیهێنە بەرچاوت کە پێدری و بێلینگهام پێکەوە لە یەک تیپدا یاری دەکەن. باسی دووانەیەک دەکەین کە تەنانەت کاریگەرییەکانی چاڤی و ئینێستا یان مۆدریچ و تۆنی کرۆسیش تێپەڕێنن.
بێلینگهام بە جوڵەی ڕاست و هێزی دزەپێکردنی، پێویستی بە کەسێکە کە ئەو تۆپە ئەفسوناوییەی بۆ دابین بکات کە پێدری لەولایەنە زۆر سەرکەوتووە، ئەم دووانە ئەگەر بەیەكەوە یاری بكەن دەبنە ئەهریمەنێکی تاکتیکی دوو سەر کە هیچ بەرگرییەک لە ئەوروپا ناتوانێت بیوەستێنێت. ئەم دووانە گەرەنتی باڵادەستی ڕیال مەدرید دەکەن لەسەر تۆپی ئاڵتونی و نازناوی ئەوروپا بۆ ماوەی 10 ساڵی تەواو.
4ـ دەستبەسەرداگرتنی كلاسیكۆ
لەم ساڵانەی دواییدا پێدری هەمیشە وەكو بۆمبێك تەرازووەكانی لە كلاسیكۆ لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا گۆڕیوە، ناوەڕاستی لە چنگی تیپی بەرامبەر دەرهێناوە، ئەگەر پێدری لە بارسێلۆنا بڕوات زەحمەتە یاریزانێكی هاوشێوە بدۆزێتەوە كە لەپشتەوە یاری بكات و تیپەكە لەژێر فشار رزگار بكات. ئەگەر ئەو یاریزانە بەرگە سپییەكەی مەدرید بپۆشێت، كەواتە بارسێلۆنا دەبێت تا ساڵانێكی زۆر بەدەست ریال مەدریدەوە بناڵێنێت.
5- لەدەستدانی نیوەی تیپەكە
ڕەنگە هەندێک بڵێن لامین یامال مەترسیدارترین یاریزانە، بەڵام لەراستیدا پێدری بەگەڕخستنی سیستەكەی بارسێلۆنایە، بەبێ ئەو یاریزانە زۆرجار بارسێلۆنا دەبێتە تیپێكی پەرشوبڵاو و نارێكخراو.
ڕفاندنی پێدری، واتە لێسەندنەوەی بارسێلۆنا لە گرنگترین یاریزانی نەوەی خۆی، ئەو یاریزانەی هێڵەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ناسنامەی خۆی بە تیپەکە دەبەخشێت.
ریال مەدرید بەم گرێبەستە تەنها ئەستێرەیەک بۆ پێکهاتەکەی زیاد ناکات؛ بەڵكو بزوێنەری سەرەکی ئۆتۆمبێلی ڕكابەرەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە و لەكاری دەخات، ئەمەش بارسێلۆنا ناچار دەکات بەدوای جێگرەوەیەکی هێمنانەدا بگەڕێت (کە لە ئێستادا هیچ بژاردەیەکی لە بازاڕدا نییە)، ئەمەش پڕۆژەکەیان بۆ ساڵانێک دوادەخات.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە لە ئێستادا چوونی پێدری بۆ ریال مەدرید زیاتر خەیاڵ بێت، بەڵام قسەکانی مارسێلۆ ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ڕیاڵ مەدرید یانەی مەحاڵەکانە.
ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێز، "نەهەنگی سپی" بڕیار بدات گوێ لە ئامۆژگارییەکانی ئەفسانەی خۆی كە مارسێلۆیە بگرێت، دەتوانین شاهیدی دراماتیکترین سیناریۆی مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا بین.
