هەوڵەکان بۆ بە هەرێم بوونی بەسرە دەست پێ دەکەنەوە
دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان فۆرمی تایبەت بە داواکاریی دامەزراندنی "هەرێمی بەسرە"ی کارا کردەوە، جارێکی دیکە مشتومڕی ئەم پرسە شەقامی شارەکەی تەنیوەتەوە.
هاووڵاتییانی بەسرە کە ساڵانێکی زۆرە لە دۆخی خزمەتگوزارییەکان ناڕازین، پێیان وایە مانەوەیان لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا بۆ زیاتر لە 20 ساڵ، هیچ سوودێکی ئەوتۆی بۆ شارەکەیان نەبووە. لە ئێستادا ڕای گشتی لە شارەکەدا دابەش بووە؛ بەشێک بە هەرێم بوون بە دەرفەت دەزانن بۆ کۆنترۆڵکردنی داهات و چارەسەری قەیرانەکان، لە بەرانبەردا بەشێکی دیکە ترسیان لەوە هەیە ئەمە هەنگاوێکی سیاسی بێت بۆ دابەشکاری بەبێ ئەوەی گەرەنتی باشبوونی ژیانیانی تێدابێت و داوای پێشینەی خزمەتگوزاری دەکەن.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی پرسەکە، جەعفەر موسەوی، یاساناس بە کوردستان24 ڕایگەیاند، بە هەرێم بوونی بەسرە مافێکی ڕەوا و دەستوورییە، چونکە هاووڵاتییان درکیان بەوە کردووە سەرەڕای ئەوەی بەسرە خاوەنی زۆرترین سەرچاوەی داهاتی نەوت و گاز و دەروازەی سنوورییە، بەڵام بۆ دەیان ساڵە فەرامۆش کراوە و دەیانەوێت لە دەوڵەتی مەرکەزی ڕزگاریان ببێت.
لای خۆیەوە عەمار سەرحان، سەرۆکی ڕێکخراوی بەسرە بۆ ڕەشنووسی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کرد، بەراورد بە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی هەژاری لە باشوور زۆر بەرزە بەهۆی ناوەندێتی دەسەڵاتەوە کە بووەتە هۆی فەرامۆشکردنی پارێزگاکان.
سەرحان گوتیشی: تا ئێستا تەنیا 35%ی بودجەی پارێزگاکان خەرج دەکرێت، ئەویش هەر بۆ پرۆژەی فیدراڵی دەڕواتەوە، واتە هەر لە خزمەتی ناوەنددایە، بۆیە ئێمە داواکارییەکەمان پێشکەش کردووە و لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە.
پسپۆڕانی دەستوور جەخت دەکەنەوە دروستکردنی هەرێمی بەسرە پرۆسەیەکی دەستوورییە و لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت، کە دواجار چارەنووسەکە لە دەستی خەڵکی بەسرە خۆیاندایە.
