ساڤایا: ئەوانەی ئەمەریکییەکان دەکوژن لە هیچ شوێنێکی جیهان پارێزراو نابن

واشنتن پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەو گروپ و لایەنانە کرد کە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و جەختی لەوە کردەوە کە تۆڵەکردنەوە لە بکوژانی ئەەمریکییەکان ئەرکێکی بنەڕەتیی هێزە ئەمنییەکانیانە.

 مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ڕایگەیاند: ئەمەریکا بەدوای هەموو ئەو کەسانەوەیە کە زیان بە هاووڵاتییانیان دەگەیەنن و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بن، دەستیان لێ ناپارێزرێت.

مارک ساڤایا لە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ پێت هێگسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، هۆشدارییەکی توندی دا بەو لایەنانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ئەمریکییەکان. 

بەپێی گوتەکانی ئەم بەرپرسە، هەر کەسێک دەستی لە کوشتنی ئەمریکییەکاندا هەبێت، دەبێت تەواوی تەمەنی کورتی لە دڵەڕاوکێیەکی تونددا بەسەر ببات، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە هەر کونجێکی جیهان بن دەیانکەنە ئامانج و بەبێ هیچ بەزەییەک لەناویان دەبەن.

 ئەم لێدوانانە وەک ئاماژەیەک بۆ سووربوونی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەسەر پاراستنی شکۆ و ژیانی سەربازەکانیان لە دەرەوەی وڵات دەبینرێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل