گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەبەردەم دووڕیانی چەکداماڵین و ململانێی چەکداریدا
گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و دووڕیانێکی هەستیاردان، بەو پێیەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لەو گرووپانە ڕەزامەندییان نیشانداوە بۆ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و تەنیا لە چوارچێوەی کاری سیاسیدا بمێننەوە.
ئەم هەنگاوە کە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دیدگای ئەو هێزانەدا دەبینرێت، هاوکاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ چڕەکانە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و لەژێر کاریگەریی هەڕەشە و فشارە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادایە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا ئەگەر بێت و ئەو گرووپانە دەست بەسەر جومگە هەستیارەکانی بڕیار و دەسەڵاتدا بگرن.
سەرکردەکانی ئەو گرووپانە وەک قەیس خەزعەلی، ڕێبەری عەسائیبی ئەهلی حەق، شبل زەیدی، ڕێبەری کەتائیبی ئیمام عەلی، لەگەڵ حەیدەر غەراوی و کەتائیبی سەیدولشوهەدا، ئەو کەسایەتییە سەرەکییانەن کە وەڵامی ئەرێنییان بۆ پێشنیازەکەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری نیشانداوە بۆ چەکداماڵین.
زێدان لە پەیامێکی فەرمیدا دەستخۆشی لەو سەرکردانە کرد کە بڕیاریانداوە کۆتایی بە کاری سەربازی بهێنن و تەنیا لە کایەی سیاسیدا چالاک بن، بەڵام ئەم ئاراستەیە بەبێ ئاستەنگ نییە و کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا بە توندی ڕەتیانکردەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و جەختیان لەسەر بژاردەی بەرگریی چەکداری کردەوە تا ئەو کاتەی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراقدا دەمێنن، ئەمەش جۆرێک لە دابەشبوونی قووڵی لەناو بەرەی گرووپە چەکدارەکاندا دروست کردووە.
ئەم دابەشبوونە ناوخۆییەی ناو ماڵی گرووپە چەکدارەکان، مەترسییەکی گەورەی لەسەر داهاتووی سیاسی عێراق دروست کردووە، چونکە چاودێران هۆشداری دەدەن کە مانەوەی چەک لەدەستی هەندێک لایەنی ڕەتکەرەوەدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی دووفاقی دەسەڵات و هەوڵە چاکسازییەکان پەکدەخات، حکوومەتی داهاتووی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند دەتوانێت ئەو بەڵێنانە بکاتە کردار و چەک تەنها لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا بێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە واشنتۆن پەیامی ڕوونی ناردووە کە ناخوازێت حکوومەتێکی خاوەن چەکداری لە بەغدا ببینێت، ئەم بارودۆخە وایکردووە عێراق لە نێوان بونیاتنانی دەوڵەتێکی یاسایی و مۆدێرن یان مانەوە لەناو بازنەی ململانێ چەکدارییەکاندا بێت، کە ئەوەی دووەمیان دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری ئابووری و سەروەری وڵات.
