تورکیا پشتیوانی تێکەڵکردنی هەسەدە لە سوپای سووریا دەکات
لە پێشهاتێکی کەم وێنەدا، شاندی باڵای تورکیا لە دیمەشق پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو سوپای سووریایان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە شاری حەلەب لە شەڕێکی قورسی نێوان هێزە ئەمنییەکان و سوپای سووریادایەو وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدەش بەرەو کۆتایی دەچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوڕێیەتی وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆبووەوە.
فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لەوە کردەوە، یەکگرتنی هەسەدە لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتەوایی نیشتمانییەوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەقامگیری درێژخایەن.
ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دیاریکرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، هەسەدە وەڵامی پێشنیازی وەزارەتی بەرگری سووریای داوەتەوە بۆ تێکەڵکردنی 100 هەزار چەکدارو کارمەندی ئەمنی لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازی و چەندین لیوا، کە لیوایەکی تایبەت بە ئافرەتانیشی تێدایە، بەو مەرجەی لە ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات جێگیر بن و لەژێر سەرپەرشتی سەرکردایەتی هەسەدەدا بن.
لە ڕووی مەیدانییەوە، دۆخەکە بە پێچەوانەی هەوڵە دیپلۆماسییەکە دەردەکەوێت، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند: شەڕ بە چەکی قورس لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بەردەوامە، هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری بۆ سەر بازگەیەکی هاوبەشی ئاسایش لە بازنەی شەیحان، بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی.
