منداڵێکی کورد، خەڵاتێکی زانستیی جیهانی دەباتەوە
ئەمیرمحەممەد ئیبراهیمی، منداڵێکی کوردی خەڵکی ورمێیە، پلەی یەکەمی لە پێشبڕکێی جیهانی "یوو سی مەس" بە بەشداریی 58 وڵات و 1500 بەشدار، لە جۆرجیا بەدەست هێناوە.
"یوو سی مەس" جۆرێکە لە ڕاهێنانی مێشک کە منداڵانی 4 بۆ 13 ساڵ فێر دەبن بەبێ بەکارهێنانی هیچ کەرەستەیەک و تەنیا لە زەینی خۆیاندا وڵامی پرسیاری بیرکاریی قورس بدەنەوە، ئەمیر، لە راهێنانێکدا پێمان دەڵێت کە چۆن ئەم کارە دەکات.
ئەمیر محەمەد ئیبراهیمی، براوەی خەڵات لە پێشبڕکیی یوو سی مەس، بە کوردستان24ـی گوت: خۆشحاڵم کە ئەم خەڵاتەم بەدەست هێناوە، من لە ماوەی دیاریکراوی پێشبڕکەکەدا، وەڵامی ڕاستی 129 پرسیارم دایەوە و خەڵاتی یەکەمم وەرگرت.
ئیبراهیمی، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە ڕاهێنان دەکات و بۆ ئەم پێشبڕکێییە ماوەی زیاتر لە 8 مانگ رۆژانە 6- 7 کاتژمێر بە دوو شێوە ڕاهێنانی کردووە یەکێکیان بە نووسین و ئەوەی دیکەش بە گوێدان و بیرکردنەوە کە وەک دەبینن زۆر بەخێرایی وڵامەکە بەدەست دەهێنێت.
مەجید ئیبراهیمی، باوکی ئەمیر، دەڵێت، تێچووی بەشداریکردن لە پێشبڕکێکان لەسەر ئاستی وڵات و جیهانیش لە ئەستۆی خۆماندا بووە و حکوومەتی ئێران هیچ هاوکارییەکمانی نەکردووە.
یوو سی مەس، جۆرێکە لە ڕاهێنانی مێشک تایبەت بە منداڵانی 4-13 ساڵ دارێژراوە و ئێستا زیاتر لە 80 وڵاتی جیهان بەکاری دێنن، فێرخوازان سەرەتا لە رێگەی چۆرتکەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و دواتر بە ڕاهێنانی بەردەوام منداڵەکە وای لێ دێت بە کەمترین کات تەنیا لە ڕێگەی مێشکەوە وڵامی پرسیاری بیرکاریی قورس و دژوار بداتەوە.
