دوای 14 ساڵ؛ ئەڵمانیا کۆچبەرێکی سووری دیپۆرت کردەوە

بۆ یەکەم جار لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011، هاووڵاتییەکی سووری لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتی وڵاتەکەی کرایەوە.

ئەلێکساندەر دۆبرێنت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەو کۆچبەرە سوورییەی کە پێشتر لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی جیاواز سزادراوە، ڕەوانەی دیمەشق کراوەتەوە و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کراوە.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ سووریا و ئەفغانستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێك تاوانباری مەترسیدار دیپۆرت بکەن، خەڵکی ئەڵمانیاش دەیانەوێت تاوانباران وڵاتەکەیان جێبهێڵن.

بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا، هاووڵاتییە سوورییە دیپۆرتکراوەکە، پێشتر بە تۆمەتی دزی و ئازاردانی جەستەیی و هەڕەشەکردن زیندانی کراوە، هاوکات لە 2011ـەوە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سووریا، ئەمە یەکەم جارە ئەڵمانیا هاووڵاتییەکی سووریا بنێرێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

هاوکات ئەلێکساندەر دۆبرێنت ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی ئەفغانیش دیپۆرتی وڵاتەکەی کراوەتەوە، کە بەهۆی ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاوازەوە سزای زیندانیی هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیان بۆ هەردوو وڵاتی سووریا و ئەفغانستان سەرکۆنە کرد و ئاماژەیان بە بەردەوامیی ناسەقامگیری و پێشێلکارییە بەڵگەدارەکانی مافی مرۆڤ لەو دوو وڵاتەدا کرد.

لە تەممووزی ڕابردوودا، نەمسا یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا بوو کە لە دوای ساڵی 2011ـەوە هاووڵاتییەکی سووری دیپۆرت بکاتەوە.

نزیکەی ملیۆنێک سووری بەهۆی نەهامەتییەکانی شەڕی وڵاتەکەیانەوە بۆ ئەڵمانیا کۆچیان کردووە، کە بەشێکی زۆریان لە ساڵی 2015ـدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل