پوتن: پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە سووریا قبوڵکراو نییە
سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند، پشتیوانی ڕووسیا بۆ یەک پارچەیی سووریا و پاراستنی سەروەری ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ دابەشکاری سووریا و تێکدانی ئارامی ناوچەکە قبوڵکراو نییە.
چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەحرەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سووریا، ڕایگەیاند، مۆسکۆ ئیدانەی کارەکانی ئیسرائیل دەکات، بە تایبەت ئەو پرۆژەیەی کە لە بارەی دابەشکاری وڵاتەکە و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەوە خەریکە جێبەجێی دەکات، هاوکات ئەو کارەی ئیسرائیلی بە مەترسی گەورە ناوبردووە بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی سووریا بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبووبەوەکەدا، پوتن جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و ڕووسیا پەرەی پێبدرێت، بە تایبەتی لایەنی سەربازی و ئابووری و تەکنیکی، هاوکات مۆسکۆ لە بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپای سووریا لە ڕووی بەرگرییەوە هاوکاری دیمەشق دەبێت، هەروەها لە مۆدێرنکردنی تەکنیکی ئامێرە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری نیشتمانی پاڵپشتی حکوومەتی سووریا دەکات.
هەردوولا جەختییان لە پێویستی ڕێزگرتن لە بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی سووریا کردووەتەوە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەڵهاتنی بۆ ڕووسیا، مۆسکۆ میوانداری ئەسەد و خێزانەکەی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا ئارەزووی ئەوە دەکات پەیوەندیەکی باش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە دروست بکات، چونکە تاوەکو ئێستا بنکەی ئاسمانی "حەمیمیم" و دامەزارەوەی دەریایی "تەرتوس" لە لایەن ڕووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن، بۆیە مۆسکۆ دەیەوێت بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ سووریا پەیوەندییەکانی بەرەو پێش بچێت.
