داهاتی نەوتی و نانەوتی ئێران لەبەردەم چارەنووسێکی نادیاردایە

حوسێن سەمسامی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران،
حوسێن سەمسامی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران،

ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، لە مانگی ڕابردوودا، کەسانێک بڕێکی زۆر نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا فراشتووە، بەڵام پارەکەیان ڕادەستی حکوومەت نەکردووەتەوە. 

چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەم 2025، حوسێن سەمسامی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ـی گوت: بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە پەرلەمان، کەسانێک وەکوو دەڵاڵ بۆ فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، لە لایەن حکوومەتەوە دەستنیشان کراون. بەڵام ئەوانە پاش فرۆشتنی نەوتەکە، هێشتا پارەکەیان ڕادەستی حکوومەت نەکردووە. 

سەمسامی گوتیشی: ئێمە بەڵگەی تەواو و باوەڕپێکراومان لەبەردەستدایە، کە بڕی 95 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی نانەوتی، هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری فەرمیی وەزارەتی دارایی، کەچی لە بری پارەی کاش، چەکێکی بێبەهایان داوەتە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیکۆ؛ لە کاتێکدا هەندێ کەس نکۆڵییان لە ڕاستیی ئەو ڕاپۆرتانە دەکرد، بەڵام ئێمە بە بەڵگە و لێکۆڵینەوەی ورد، سەلماندوومانە کە ئەو پارەیە ڕادەستی حکوومەت نەکراوەتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، گوتیشی: ئێستا کە بابەتی ڕادەستنەکردنەوەی پارەی نەوتی فرۆشراو، بە حکوومەت، هاتووەتە کایەوە، ئەمە کێشەیەکی تایبەت و جیاوازە و بێگومان پەرلەمان لێکۆڵینەوە دەکات.

سەمسامی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: زانیارییەکانی پەیوەست بەم بابەتە نهێنین و جارێ بە وردی نازانین کە ئەم دەڵاڵانە چەند نەوتیان فرۆشتووە و چەند پارە خراوەتە سەر هەژماری بانکییان و ئێستا بڕی چەند پارە لەسەر هەژمارەکانیان ماوەتەوە، بەڵام ئێمە بە وردیی لە سەرجەم ئەو بابەتانە دەکۆڵینەوە. 

ئەم ئەندامەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان، بە ئاماژەدان بە ناسنامەی ئەو دەڵاڵانە، گوتی: بیستوومانە کەسێک بە ناوی "ح. ئا" لە چەند مانگی ڕابردوودا نەوتیان فرۆشتووە، بەڵام داهاتەکەیان ڕادەستی حکوومەت نەکردووەتەوە و ئێستا لە ئیمارات نیشتەجێیە.

سەمسامی، بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: لە ڕاستیدا ئێمە نازانین لەسەر چ بنەمایەک و بە چ حیساب و کیتابێک نەوتیان بۆ فرۆشتن داوە بەم کەسانە و چ گەرەنتییەکیان وەرگرتووە؟، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە ئاشکرایە، بڕی پارەی نەوتی فرۆشراو، کە تا ئێستا ڕادەستی حکوومەت نەکراوە، لە بڕی پارەی فرۆشی داهاتی نانەوتی زیاترە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل