نێچیرڤان بارزانی: با جەژنی کریسمس، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحدا، مەسیحییەکان بە بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و داهاتووی کوردستان ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت، کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە و پابەندیی خۆیان بە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان دووپات دەکاتەوە.
چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسای مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، بە گەرمی و لە دڵەوە لە هاووڵاتییانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها لە تەواوی مەسیحییان لە جیهان، پیرۆز دەکات. دەشڵێت: هیوادارم ئەم جەژنە بە خۆشی و شادی و لە کەشێکی ئارامدا بکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، خوشک و برایانی مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و ئێستا و داهاتووی کوردستانن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا، جارێکی دیکە پابەندیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە پاراستنی کولتووری دێرینی پێکەوەژیان، لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردن. دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانەی ئارام و چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، ئێمە هەموومان لەم نیشتمانەدا هاوبەش و هاوچارەنووسین؛ پێکەوە لە ڕۆژە سەختەکاندا قوربانیمان داوە و پێکەوەش بە تەبایی و یەکڕیزی کار بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ نەوەکانمان دەکەین. با پەیامی ئەم جەژنە، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و قووڵکردنەوەی برایەتی بێت لەنێوان هەمووماندا.
لە کۆتاییدا نێچیرڤان بارزانی، کریسمس لە هەموو لایەک پیرۆز دەکات، هیوای ساڵێکی خۆشی و کامەرانی بۆ هەموویان خواست.
