لازقیە.. لە خۆپیشاندانی عەلەوییەکان 3 کەس کوژراو و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون
لە پارێزگای لازقیە و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەلەوین، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، بەهۆی تەقە و پێکدادانەکانەوە 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەزاران هاووڵاتیی عەلەوی لە گۆڕەپانی "ئەزهەری" لە شاری لازقیە کۆبوونەوە و داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی سووریایان بۆ "سیستەمێکی لامەرکەزی و فیدراڵی" کرد. هەروەها یەکێکی دیکە لە داواکارییە سەرەکییەکانیان ئازادکردنی هەزاران دەستبەسەرکراوی عەلەوی بوو کە لە زیندانەکاندان. جگە لە لازقیە، شارەکانی تەرتوس، حمس (گەڕەکی وادی زەهاب)، بانیاس و گوندەکانی حەماش هەمان ناڕەزایەتییان بەخۆوە بینی.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، دوو گەنجی عەلەوی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەتی کاتی سووریا کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی سووریا کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و برینداربوونی چەند ئەندامێکی دیکەی ڕاگەیاند، بە وتەی ئەوان لە کاتی "ئەرکی پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەراندا" بوونەتە ئامانج.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بە دۆزینەوەی تەرمی منداڵێک کرد لە باڵەخانەیەکی ژێر دروستکردن لە شاری عەفرین، کە لە ڕۆژی شەممەوە بێسەروشوێن بوو.
دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و لایەنەکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن:
ئەنجوومەنی ئیسلامیی عەلەوییەکان، ڕایانگەیاندووە؛ خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە بوون، بەڵام "دەسەڵاتداران"(هێزە ئەمنییەکان) فیشەکیان دژی خەڵکی مەدەنی بەکارهێناوە و لە شاری بانیاسیش هێرش کراوەتە سەر خۆپیشاندەران.
لای خۆیانەوە میدیاکانی دەوڵەت هۆکاری توندوتیژییەکانیان بۆ هێرشی "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو" گەڕاندەوە، کە بە وتەی ئەوان هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیان.
لەلایەکی دیکەوە حکوومەتی سووریا جەخت دەکاتەوە؛ هێزەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش لەوێ بوون و بوونەتە قوربانیی کردەوەی توندوتیژی.
ئەم خۆپیشاندانانە نیشانەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانە لەو ناوچانەی کە پێشتر بە بنکەی سەرەکی پشتگیریی دەسەڵات دادەنران، و داواکارییەکان بۆ فیدراڵیزم ڕەهەندێکی نوێ دەداتە ئاڵۆزییەکانی سووریا.
