ئاكام هاشم ئۆفەری لە خولی فەرەنسی، سعوودیە و قەتەری پێگەیشتووە

ئاكام هاشم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زەورا
ئاكام هاشم، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زەورا

یانەیەکی فەڕەنسی داوای ئاکام هاشمی کردووە و چەند یانەیەکی سعوودی و قەتەریش لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بەرگریکارە کوردەکە بگوازنەوە ریزەکانیان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند یانەیەکی خولی رۆشنی سعوودی و خولی ئەستێرەکانی قەتەر ئۆفەریان پێشکەشی ئاکام هاشم ناوەڕاستکاری کوردی یانەی زەوڕا و هەڵبژاردەی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی بیگوازنەوە ریزەکانیان.
کوردستان24 زانیویەتی، دوای جامی عەرەب بازاڕی ئاکام هاشم گەرم بووە و بەڕێوەبەری کارەکانی چەند یانەیەک داوایان کردووە ئاکام هاشمی 24 ساڵان بگوازنەوە ریزەکانیان، کە بەرگریکارە کوردەکە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ زەوڕا هەیە.
نەک هەر لە وڵاتانی کەنداو، لە ئەوروپاش چاوەکان لەسەر ئاکام هاشمن و سەرچاوەیەکی نزیک لە یاریزانەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، یانەیەکی فەڕەنسی بەبێ ئەوەی ناوەکە ئاشکرا بکات ئۆفەری پێشکەشی ئاکام هاشم کردووە، دەنگۆش هەیە یانەیەکی گەورەی تورکیا چاوی لە گواستنەوەی بەرگریکارەکەی پێشووی هەولێرە.
ئاکام هاشم کە هاوینی رابردوو لە شوڕتەوە پەیوەندی بە ریزەکانی زەوڕا کرد، ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت بەهایەکەی 600 هەزار یۆرۆیە و هەر یانەیەک بیەوێت لە مێرکاتۆی زستانە بیگوازێتەوە دەبێت نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لە زەوڕا بدات و مافی دەستبەرداربوونی لە یانەکەی وەربگرێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل