پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردەوە
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەمڕۆیدا، پڕۆسەی تەواوکردنی پەیکەری دەستەی سەرۆکایەتییەکەی لە چوارچێوەی ڕێکارە دەستوورییەکاندا بە ئەنجام گەیاند، هاوکات یەکەم کۆبوونەوەشی بۆ 5ـی کانوونی دووەمی 2026 هەڵگرت.
سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە پرۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، توانی متمانەی زۆرینەی ئەندامان بەدەست بهێنێت و پۆستەکە مسۆگەر بکات.
ئەنجامی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەم شێوەیە بوو:
فەرهاد ئەترووشی: 178 دەنگ.
ڕێبوار کەریم: 104 دەنگ.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی تەواوی دەسەڵات و ئەرکە یاساییەکانی لە بە تەمەنترین سەرۆکی پەرلەمانەکە وەرگرت.
لەم چوارچێوەیەدا، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە، کە ئەمەش قۆناغێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت.
هەڵگرتنی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 5ـی کانوونی دووەمی 2026
لە کۆتاییدا و دوای تەواوکردنی بڕگەکانی کارنامەکە، سەرۆکایەتییی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا کۆبوونەوەکە بۆ ڕێکەوتی 5ـی کانوونی دووەم 2026 هەڵبگیرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئامادەکارییە سیاسی و یاساییەکانی قۆناغی داهاتوو.
