پوتن: لە ساڵی نوێ ئۆکرانیا دەبەزێنین
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا، لە وتاری سەری ساڵدا، ڕایگەیاند، دوای چوار ساڵ لە هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، ڕووسیا لە ساڵی نوێدا دەتوانێت بەسەر ئۆکرانیادا سەرکەوێت.
چوارشەممە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە میانەی وتارێکی بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، گوتی: "پێویستە گەلی ڕووسیا پشتیوانی لە پاڵەوانەکانمان بکەن کە لە ئۆکرانیا شەڕ دەکەن"، گوتیشی، " باوەڕمان بە ئێوە و سەرکەوتنمان بەسەر ئۆکرانیادا هەیە".
وتاری ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئۆکرانیا، تەنها چەند خولەکێک پێش ئەوەی نیمچە دورگەی کامچاتکا لە ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا بچێتە ساڵی نوێی 2026، کە یەکەم هەرێمە لە ڕووسیا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات، لە میدیاکانی ڕووسیا بڵاوکراوەتەوە.
سەرۆکی ڕووسیا، هیوای ساڵێکی نوێی پڕ لە خۆشی بۆ سەربازان و فەرماندەکانی وڵاتەکەی لە شەڕی ئۆکرانیا خواست، گوتی،" ئێوە پاڵەوانی ئێمەن، باوەڕ بکەن ملیۆنان کەس لە ڕووسیا بیر لە ئێوە دەکەنەوە و هیوای سەلامەتی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازن".
31ـی کانوونی دووەمی 2025، 26 ساڵ بە سەر هاتنە سەر دەسەڵاتی پوتن تێدەپەڕیت، پوتن لە شەوی سەری ساڵی 1999 بوو بە سەرۆکی ڕووسیا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی بۆریس یێڵتسین کە ئەوکاتە سەرۆکی ڕووسیا بوو.
وتاری سەری ساڵ، ساڵانە لە لایەن سەرۆکەوە لە میدیاکانی ڕووسیا پەخش دەکرێت، نەریتێکی بەنرخی و گرنگی وڵاتەکەیە، ملیۆنان کەس سەیری دەکەن، بۆ یەکەم جاریش ئەم نەریتە لەلایەن لیۆنید برێژنێڤ، سەرۆکی یەکێتی سۆڤییەت، جێبەجێکراوە.
