مەدینە بووە دوایین مەنزڵگەی؛ یەکەم عومرەکاری کورد لە 2026 کۆچی دوایی کرد
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، گیانلەدەستدانی عومرەکارێکی کوردی لە شاری مەدینە ڕاگەیاند، کە بەمەش دەبێتە یەکەمین حاڵەتی تۆمارکراو لە ساڵی نوێدا.
پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە ناوی 'فاتیمە هاشم سلێمان' لەدایکبووی ساڵی 1985 (تەمەن 41 ساڵان)، لە کاتی بەجێهێنانی ڕێوڕەسمی عومرەدا کۆچی دوایی کردووە.
ستوونی دەڵێت: هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکچوونی باری تەندروستی، کە بەهۆیەوە ناوبراو بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەدینە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا ماوەتەوە، بەڵام دواجار ئەمڕۆ گیانی سپارد.
سەبارەت بە ڕێکارەکانی بە خاکسپاردنی، گوتەبێژەکەی حەج و عومرە ئاشکرای کرد، کە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسوکاری کۆچکردوو و وەرگرتنی ڕەزامەندییان، بڕیار دراوە تەرمەکەی نەگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هەر لە شاری مەدینە بە خاک بسپێردرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری کۆچکردوو دەکەن.
