ئەڵمانیا ئەمساڵ پەنابەرانی سووری بەکۆمەڵ دیپۆرت دەکاتەوە

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو، فراکسیۆنی پارتی سۆسیال مەسیحیی بافاریا لە پەرلەمانی ئەڵمانیا کار بۆ توندکردنی یاساکانی کۆچبەران و ناردنەوەی خێرای زۆربەی پەنابەرە سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان دەکات. 

ئەم پارتە پێی وایە بەهۆی کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، چیتر مەرجەکانی پاراستن بۆ ئەو کەسانە ناگونجێت کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان هەیە.

ئەم بەڵگەنامەیە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی پارتەکە لە ویلایەتی بافاریا ئامادەکراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ساڵی 2026 ببێتە وەرچەرخانێک بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی دیپۆرتکردنەوە.

پارتی بافاریا پێشنیازی کردووە گەشتە ئاسمانییە ئاساییەکان بۆ سووریا و ئەفغانستان بەکاربهێندرێن بۆ ناردنەوەی ئەو کەسانەی بە ویستی خۆیان ناڕۆنەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانەش، داوای دروستکردنی بنکەی تایبەت بە ناردنەوە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و تەرخانکردنی هۆڵێکی تایبەت لە فڕۆکەخانەی میونشن بۆ ئەم مەبەستە دەکەن.

جگە لە سوورییەکان، پارتەکە بڕیاری داوە گوشار بخاتە سەر ئەو پیاوە ئۆکرانییانەی توانای جەنگکردنیان هەیە تاوەکو بگەڕێنەوە و ئەرکی بەرگری لە وڵاتەکەیان جێبەجێ بکەن.

 هەروەها، پارتەکە خوازیارە ڕێکاری زۆر توند بەرانبەر بەو کەسانە بگرێتە بەر کە بە نەیاری دیموکراسی ناویان دەبات، بەپێی بەڵگەنامەکە، هەر بانگەشەیەکی ئاشکرا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی یان خەلافەت و ئەنجامدانی تاوانی دژە جوو، دەبێتە هۆی دەرکردنی زۆرەملێ و ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی نیشتەجێبوون، تەنانەت ئەگەر کەسەکە ڕەگەزنامەی دووەمیشی هەبێت، ڕەگەزنامە ئەڵمانییەکەی لێ دەسەندرێتەوە.

ئەلێکساندەر هۆفمان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە ڕێگری لە گۆڕانی کۆچی کار بۆ کۆچی هەژاری بکرێت، ئەوان دەیانەوێت پێناسەی کرێکار لە یاساکانی یەکێتیی ئەوروپادا بگۆڕن، بەجۆرێک کە ڕێگری بکات لە خراپ بەکارهێنانی سیستەمی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ئەو کەسانەی کە تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لە هەفتەیەکدا کار دەکەن.
ئەم هەوڵە نوێیەی پارتی بافارییا لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2025، نزیکەی 948 هەزار هاووڵاتیی سووری لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لەو ژمارەیەش نزیکەی 667 هەزار کەسیان مۆڵەتی نیشتەجێبوونی کاتییان هەیە و ڕووبەڕووی مەترسیی ناردنەوە دەبنەوە ئەگەر ئەم پێشنیازە ببێتە یاسا، پرسی پەنابەران ئێستا بووەتە چەقی ململانێیەکی توندی سیاسی لە ئەڵمانیا، بەتایبەت لەگەڵ بەهێزبوونی ڕەوتە ڕاستڕەوەکان کە داوای چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی دەرگای کراوەی وڵاتەکەدا دەکەن.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل