مەترسیی گۆڕینی دیمۆگرافیا و دەستبەسەرداگرتنی زەویی کورد زیاتر بووە
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا و ماددەی 140ـە دەستوور، بڕیاریدا ناحیەی قەرەتەپە بۆ قەزا بەرز بکاتەوە و بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی بگۆڕێت، ئەمەش نیگەرانیی لای دانیشتووانە کوردەکەی دروست کردووە و بە هەوڵێک بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تەعریب و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان ناوی دەبەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دیالە ڕێکارەکانی بە قەزابوونی ناحیەی قەرەتەپە تەواو کراون، بەبێ ئەوەی پرس بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یان لیژنەی ماددەی 140 بکرێت.
عەباس کەریم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: بەداخەوە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و پەرلەمان بڕیاری داوە قەرەتەپە بکرێتە قەزا و قایمقام بۆ دابنرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بەو پێیەی قەرەتەپە ناوچەی ماددەی 140ـە، دەبوو هەر بڕیارێک بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر و حکوومەتی خۆجێیی بێت، نەک بە تاک لایەنە فەرز بکرێت.
لای خۆشیانەوە هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە هۆشداری دەدەن لەوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان تەنیا گۆڕینی ناوی یەکەکان نییە، بەڵکوو ئامانج لێی گۆڕینی دیمۆگرافیا و داگیرکردنی زەوییە. ساڵح محەممەد، هاووڵاتییەکی ناوچەکە دەڵێت: لێرە بە بەرچاوی هەمووانەوە یاسا پێشێل دەکرێت، گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان بوونەتە هۆکار بۆ داگیرکردنی زەویی کورد و مانەوەی کورد لەم سنوورە کەوتووەتە مەترسییەوە.
دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، دەسەڵاتی سەپێنراو لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕووی سیاسی و ئیدارییەوە فشارێکی زۆریان لەسەر کورد دروست کردووە. ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لە دانیشتووانە ڕەسەنەکە ئاوارە بن و نەتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هاوکات پرسی زەویی و زار وەک کێشەیەکی سەرەکی لە نێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە ماوەتەوە.
