هێزی دەلتا چییە و چۆن مادۆرۆی ڕاپێچ کرد
سەرچاوەکان ئەمڕۆ شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026 ئاشکرایان کرد، هێزەکانی (دەلتا)ی سەر بە سوپای ئەمەریکا، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلایان لە کاراکاس دەستگیرکردووە، بەرپرسانی ئەمەریکی بە تۆڕی (سی بی ئێس نیوز) یان ڕاگەیاندووە، سەرۆکی ڤەنزوێلا بەرەبەیانی شەممە لەلایەن ئەندامانی هێزی (دەلتا) دەستگیرکراوە، کە باڵاترین یەکەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانە لە سوپای ئەمەریکادا.
هێزی (دەلتا) بەرپرس بوو لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بووە هۆی کوژرانی ئەبو بەکر بەغدادی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی (داعش) لە ساڵی 2019دا.
جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاوکردنی بەغدادی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2019 دا ڕایگەیاند:هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا، کە 8 هێلیکۆپتەریان بەکارهێنابوو، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لە شوێنێکی نادیارەوە فڕیون بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
بەرپرسانی ئەمەریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێزانە سەر بە هێزی (دەلتا)ی سوپای ئەمەریکان،ئەم هێزانە دیوارەکانیان بڕیوە و ڕووبەڕووی تەقەیەکی چڕ بوونەتەوە، کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی دوژمن لە شەڕێکی چەکداریدا کە زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندووە.
دوای ئەوەی سەربازەکان کۆمەڵگەکەیان پاککردەوە، بەغدادی بۆ ناو تونێلێکی داخراو هەڵات و 3 منداڵی لەگەڵ خۆی برد. لەکاتێکدا تیمەکان بە سەگی پۆلیسی ڕاویان دەنا، بەغدادی خۆی بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو تەقاندەوە، کە بووە هۆی کوژرانی خۆی و منداڵەکانی، ترەمپ گوتی: بەغدادی (بۆڵەبۆڵی دەکرد و دەگریا و هاواری دەکرد لە تەواوی ڕێگاکەدا).
چی دەربارەی هێزی (دەلتا) دەزانین؟
ناوی هێزی (دەلتا) بە هاوواتای یەکەی بژاردەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە ناو سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەناسرێت.
ئەم هێزە لە ساڵی 1977 دامەزراوە و بەدرێژایی ساڵان بە ناوی جیاواز لە ناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان (JSOC) ناسراوە، لەوانە گرووپی کارپێکردنە شەڕکەرەکان (CAG)، یەکەی نهێنی سوپا (ACE) و تیمی ئەرکی سەوز، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سوپایە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتە هاوبەشەکان سەرپەرشتی هێزی (دەلتا) دەکات.
هێزی (دەلتا) پسپۆرە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکان، ڕزگارکردنی بارمتەکان و چاودێری، زۆرجار ئۆپەراسیۆنی نهێنی زۆر گرنگ جێبەجێ دەکات کە لەلایەن بەرزترین ئاستەکانی حکوومەتی ئەمەریکاوە ئاراستە دەکرێن، ئەمەش جەخت لەسەر مەترسی کارەکانیان دەکاتەوە.
ئەرکی سەرەکی (دەلتا) بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئەمانە دەگرێتەوە:
ڕزگارکردنی بارمتەکان.
دەستگیرکردن و لەناوبردنی هێزە تیرۆریستییەکان.
کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری دەربارەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان.
ڕۆڵەکانی تری بریتین لە:
پاراستنی کەسی (پاسەوانیکردنی کەسایەتییە گرنگەکان).
شەڕی نائاسایی.
لە کاتی دامەزراندنیەوە، (دەلتا) بە باڵادەستی خۆی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ناسراوە، ئەندامەکانی ئاستێکی بەرزی لێهاتووییان هەیە لە نیشانەشکێنی، شەڕ لە شوێنە داخراوەکاندا، ئۆپەراسیۆنە خێرا و نهێنییەکان، مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەمەنییەکان، جگە لە شەڕی دەستەویەخە، بەدرێژایی ساڵان، (دەلتا) ئەزموونێکی فراوانی لە سیستەمی فڕۆکە، شەمەندەفەر، کەشتی و ئۆتۆمبێلەکاندا کۆکردووەتەوە، کە ڕێگەی پێدەدات بە شێوەیەکی بەهێز دەستوەردان بکات و کۆنترۆڵی سیناریۆ جیاوازەکان بکات لە ژینگە جیاوازەکاندا، هەروەها مەشقە بەردەوامەکان لەگەڵ یەکەکانی دژە تیرۆری ئەمەریکی و بیانی یارمەتیدەرن لە کارامەیی و زانیارییەکانیان و پەرەپێدانی بەردەوامیان.
شایەنی باسە تیمێکی هێزی (دەلتا) لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەی خێرای هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی.
سەرهەڵدانی هێزی (دەلتا) و وەڵامێک بۆ تیرۆر
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زنجیرەیەک ڕووداوی تیرۆریستی دیار حکوومەتی ئەمەریکای قایل کرد بە دروستکردنی یەکەیەکی پسپۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
عەقید چارلی بیکویس، کە یەکێک بوو لە جەنگاوەرە دێرینەکانی هێزە تایبەتەکان، داکۆکی لە دروستکردنی ئەم هێزە کرد و ئیلهامی لە هێزە ئاسمانییە تایبەتەکانی بەریتانیا (SAS) وەرگرتبوو.
دوای چەندین ساڵ لە فشار و سەرکەوتن بەسەر بەرگرییەکاندا، دواجار پێنتاگۆن و فەرماندە باڵاکانی سوپا بیکویسیان ڕاسپارد بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکەکە،ئەو و تیمەکەی بەڵگەنامەیەکیان ئامادە کرد کە پرۆسەی هەڵبژاردن و مەشقی چوار قۆناغی دیاری دەکرد بۆ پاساودانی ئەو کاتەی کە پێویست بوو بۆ بنیاتنانی یەکەیەکی کاریگەر و بەهێز، ئەم جەنگاوەرە دێرینەی هێزە تایبەتەکان مەزەندەی کرد کە تەواوکردنی ئەم کارە دوو ساڵ دەخایەنێت.
هێزی (دەلتا) بە فەرمی لە 19ـی تشرینی دووەمی 1977 دامەزرا.
بەڵام بۆ پڕکردنەوەی قۆناغی ڕاگواستن تا ئەو کاتەی سەربازەکان پرۆسەی هەڵبژاردنی توند تەواو دەکەن، عەقید بۆب بلاک گڵۆڤز مۆنتیل، لە گرووپی پێنجەمی هێزە تایبەتەکان، ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی یەکەیەکی کاتی.
لە ساڵی 1978دا، مۆنتیل خۆبەخشەکانی هەڵبژارد و خستنیە ناو خولێکی مەشقی شەش مانگییەوە، کە گەشتکردنی زەمینی و هەڵگرتنی قورسایی لە ژینگە شاخاوییە سەختەکاندا لەخۆ گرتبوو، ئامانج لەوە تاقیکردنەوەی ئەو کاندیدانە بوو لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بە شێوەیەکی گشتگیر.
هێزی (دەلتا) بە فەرمی لە پاییزی ساڵی 1979 دا پێکهێنرا، ڕێک لە کاتی قەیرانی بارمتەکانی ئێراندا، ئەم قەیرانە و ئۆپەراسیۆنی شکستی (چنگی هەڵۆ)ی دواتر (1980)، پێویستی پەرەپێدانی زیاتری یەکە پسپۆرەکانی وەک (فەوجی فڕۆکەوانی 160) بۆ ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان (SOAR) دەرخست، کە بە ڕاوکەرانی شەویش ناسراون، هەروەها تیمی شەشەمی SEAL بۆ پشتگیریکردنی هێزی (دەلتا) و بەهێزکردنی تواناکانی.
هێزی (دەلتا) بیرۆکەی لە هێزە تایبەتەکانی بەریتانیا SAS وەرگرتووە و خاوەنی پێکهاتەیەکی هاوشێوەیە، کە جەخت لەسەر تیمە بچووکەکان دەکاتەوە کە خاوەنی کارامەیی بەرزن، بارەگای یەکەکە لە فۆرت لیبێرتیلە ویلایەتی کارۆلینای باکوورە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی هەزار سەرباز لەوێ بن، کە 250 تا 300 سەربازیان ئەندامە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان پێکدەهێنن.
