نیویۆرک تایمز: لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆدا 40 کەس کوژراون

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی ئاماری نوێی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا ئاشکرا کرد و بەگوێرەی زانیارییەکان دەیان کەس لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ڕۆژنامەیە ئەمەریکییە لە زاری بەرپرسێکی حکوومەتی ڤەنزوێلاوە بڵاوی کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، 40 کەس کوژراون.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کوژراوەکان تەنیا سەرباز نین، بەڵکوو ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی سوپای ڤەنزوێلا لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە و دەستگیرکردنی مادورۆ ڕایگەیاندبوو، هێزەکانیان بەبێ هیچ زیانێکی گیانی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجام داوە و سەرجەم سەربازە ئەمەریکییەکان سەلامەتن.

دوێنی شەممە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل