حەلەب.. شەڕ لە نێوان ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی حکوومەتی سووریا ڕوویدا

شاری حەلەب تووشی ئاڵۆزییەکی ئەمنیی مەترسیدار و بۆردوومانی دوولایەنە بوو لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەر بە هەسەدە و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، کە تێیدا چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکار هێنرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لە ڕیزەکانی هەردوولا و هاووڵاتییانی مەدەنی لێکەوتەوە.

سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە،گەڕەکی شێخ مەقسوود چوار جار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی کاتی کراوەتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هاووڵاتییەک کوژراوە و دووانی دیکەش بریندار بوون و زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵی هاووڵاتییان کەوتووە

ئاسایشی ناوخۆ جەختی کردەوە لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن، وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە و دوو خاڵی ئەو گرووپانەیان کردووەتە ئامانج.

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقن ناوەندی ناحیەی دێر حافر و ناوچەی تەل سریاتل یان بە چەکی قورس و درۆنی خۆکوژ بۆردوومان کردووە.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پێگەکانی سوپای سووریایان لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج، کە بە هۆییەوە سەربازێکی سوپا کوژراوە و چەندین سەربازی دیکە بریندار بوون.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەلەب بە سانای ڕاگەیاندووە کە هەسەدە ناوچەی نزیک بازنەی شیحانی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. سانا ڕایگەیاند کە سوپای سووریا ئێستا وەڵامی سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکان دەداتەوە لەناو شێخ مەقسوود.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە هەسەدە، گولە تۆپێک کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە ئاراستەی شێخ مەقسوود کرابوو، بە هەڵە لە گەڕەکی مەیدانی نزیک لەو ناوچەیە کەوتووەتە خوارەوە، کە ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، لە ناوچەی وادی العیون لە گوندەواری مەسیاف سەر بە پارێزگای حەما، ئۆپەراسیۆنێکیان دژی گرووپێکی چەکدار ئەنجامداوە و سەرجەم ئەندامانی گرووپەکەیان دەستگیرکردووە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل