پێنج کەس بەهۆی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر هەسەدە کوژران
لە ئەنجامی پێکدادانە چەکدارییەکانی ڕۆژی سێشەممە لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شاری حەلەب، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە چواریان هاووڵاتی سڤیلن.
ئەم پەرەسەندنە مەیدانییە مەترسیدارە دوای چەند مانگێک لە سستی و بنبەست گەیشتنی دانوستانە سیاسییەکانی نێوان هەردوولا دێت، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژییەک لە ناوچەکەدا.
سەرچاوەکانی میدیا ئاماژە بەوە دەکەن، هەردوولا یەکتری بە دەستپێکردنی هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە وەزارەتی بەرگری کاتی، گەڕەکی شێخ مەقسوودی لە حەلەب کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە و دووی دیکەش بریندار بوون. هەروەها هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی سوپای سووریا بە چەکی قورس ناوچەکانی دێر حافر و دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردومان کردووە، بۆیە ئەوان مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان بە ڕەوا دەبینن.
لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی خۆجێی حەلەب هەسەدە بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: بەهۆی بە ئامانجگرتنی ناوچەی شەیحان، ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری کوژراوە و سێی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات ئاژانسی فەرمی سانا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی باڵەخانە نیشتەجێبووەکانی گەڕەکی مەیدان، سێ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە دوونیان ژن بوون.
ئەم ئاڵۆزییانە تەنها دوو ڕۆژ دوای بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکان لە دیمەشق دێت کە بێ ئەنجام کۆتایی هات. تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە بوو لە ناو سوپای سووریادا، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی، هەرچەندە لە 10ی ئاداری ساڵی ڕابردوو مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ یەکخستنی دامەزراوەکان واژۆ کردبوو و بڕیار وابوو تا کۆتایی ساڵی 2025 جێبەجێ بکرێت، بەڵام جیاوازیی دیدگای هەردوولا ڕێگر بووە لە چوونە پێشەوەی پڕۆسەکە.
کوردەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای سیستەمێکی ناناوەندی و جێگیرکردنی مافەکانیان لە دەستووردا دەکەن، بەڵام دیمەشق تا ئێستا وەڵامی ئەو داواکارییانەی نەداوەتەوە، ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدایە کە فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمی، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا هەبووە و ناوە ناوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ و پێکدادان لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە.
