سوپای ڤەنزوێلا داوا لە خەڵک دەکات دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە
دوای ئەوەی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیر کرد و گواستیانەوە، سوپای ئەو وڵاتە پشتیوانیی خۆی بۆ دێڵسی ڕۆدریگێز، جێگری مادورۆ وەک سەرۆکی کاتیی وڵات ڕاگەیاند.
یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2026، ڤلادیمێر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکان پابەندن بە بڕیاری دادگای باڵای وڵات کە دێڵسی ڕۆدریگێزی بۆ ماوەی 90 ڕۆژ وەک سەرۆکی کاتی بەوەکالەت دیاریکردووە.
وەزیری بەرگری بە توندی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکای ئیدانە کرد و بە ڕفاندن و پێشێلکردنی سەروەریی ڤەنزوێلا وەسفی کرد.
پادرینۆ گوتی: داوای ئازادکردنی مادورۆ دەکەین، ئەو ڕفێنراوە. مادورۆ سەرۆکی شەرعی و هەڵبژێردراوی خەڵکە بۆ خولی 2025 تا 2031. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم کارەی ئەمەریکا هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان و ئەگەر ئەمڕۆ دژی ڤەنزوێلا بێت، سبەی دژی هەر وڵاتێکی دیکە دەبێت.
سەبارەت بە زیانەکان، پادرینۆ ئاشکرای کرد کە پاسەوانەکانی مادورۆ و ژمارەیەک سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراون، هەرچەندە تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا ئاماری وردی کوژراوانیان بڵاونەکردووەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری بەرگری داوای لە خەڵکی ڤەنزوێلا کرد دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بکەنەوە و چالاکییە ئابووری و خوێندن دەست پێ بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە شەقامەکانی کاراکاس چۆڵن و زۆربەی شوێنە گشتییەکان داخراون.
