لە سەددام حوسێنەوە تا مادورۆ.. ئەو سەرۆکانەی لەلایەن ئەمەریکاوە دەستگیر کران
دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کتوپڕدا، جارێکی دیکە مێژووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکای بۆ دەستگیرکردنی سەرۆکی وڵاتانی دیکە هێنایەوە بەرباس.
واشنتن کە مێژوویەکی درێژی لەم جۆرە چالاکییانەدا هەیە، نیشانی دا کە دەتوانێت بگاتە قوڵایی خاکی ئەو وڵاتانەی وەک نەیار دەیانبینێت و سەرۆکەکانیان ڕاپێچی دادگا بکات.بەرەبەیانی دوێنێ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (تروس سۆسیالەوە) ەوە هەواڵی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە ناو خاکی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە واشنتن لە ساڵی 2025 پاداشتی دەستگیرکردنی مادۆرۆی بۆ 50 ملیۆن دۆلار بەرزکردەوە و تۆمەتباری کرد بە تێوەگلان لە تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی بازرگانیکردن بە ماددە بێهۆشکەرەکان، هەرچەندە کاراکاس ئەم تۆمەتانە بە جەنگێکی سیاسی و ئابوری دەزانێت، بەڵام ئێستا مادۆرۆ لە دەرەوەی خاکی ڤەنزوێلایە و لە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکادایە.
مادۆرۆ یەکەم سەرۆک نییە کە ڕووبەڕووی ئەم چارەنووسە دەبێتەوە، مێژووی سیاسیی ئەمەریکا پڕە لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانە، لەوانەش:
1.مانوێل نۆریێگا (سەرۆکی پەنەما): لە ساڵی 1989 لە کاتی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر پەنەما دەستگیرکرا. نۆریێگا ڕەوانەی خاکی ئەمەریکا کرا و بە تۆمەتی قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی پارە دادگایی کرا.
2.سلۆبۆدان میلۆشێڤیچ (سەرۆکی یوگۆسلاڤیای پێشوو): لە ساڵی 2001 بە فشاری سیاسی و دارایی ڕاستەوخۆی واشنتن دەستگیرکرا و ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای کرا.
3. سەددام حوسێن (سەرۆکی ڕووخاوی عێراق): دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، هێزە ئەمەریکییەکان توانییان لە کێڵگەیەکدا دەستگیری بکەن،دواتر ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کرایەوە و لە ساڵی 2006 لەسێدارە درا.
4. چارس تایلۆر (سەرۆکی لیبێریا): لە ساڵی 2006 بە پشتگیرییەکی گەورەی ئەمەریکا دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تاوانی جەنگ ڕەوانەی لاهای کرا، کە تا ئێستاش سزای زیندانییەکەی بەسەر دەبات.
5. خوان ئۆرلاندۆ هێرناندێز (سەرۆکی هۆندووراس): لە ساڵی 2022 و تەنیا دوای چەند هەفتەیەک لە جێهێشتنی کورسیی دەسەڵات، ڕادەستی ئەمەریکا کرا و بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کۆکاین دادگایی کرا.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەمیشە بوونەتە جێگەی مشتومڕی یاسایی و سیاسی لە جیهاندا، دەستگیرکردنی مادۆرۆ ئێستا کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا هەندێک وڵات ئەمە بە سەرکەوتنی دادپەروەری و جەنگی دژ بە ماددە بێهۆشکەرەکان دەبینن، هەندێکی دیکە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانن. بڕیارە لەسەر داوای چەند وڵاتێک، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ لێکۆڵینەوە لە یاساییبوونی ئەم دەستێوەردانە سەربازییەی ئەمەریکا.
