ئەنجومەنی سووریای دیموکرات: گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب لەژێر ئابڵۆقەیەکی تونددان
هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، کە زۆرینەی دانیشتوانیان کوردن، بەرەوڕووی ئابڵۆقەیەکی توندی مرۆیی بوونەتەوە.
ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) ڕایگەیاندووە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری، ڕێگری لە چوونە ناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەن و ژیانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیان خستووەتە مەترسییەوە.
محەمەد ئەمین، بەرپرس لە مەسەدە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کردووە، لە دوای پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە 22ی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە، دۆخی مرۆیی لەو دوو گەڕەکەدا بە شێوەیەکی ترسناک تێکچووە، بەهۆی ڕێگریکردن لە هێنانە ناوەوەی ئارد، زۆربەی نانەواخانەکان لە کۆی 13 دانە لەو ناوچانەدا پەککەوتوون، هەروەها سووتەمەنی بە هەموو جۆرەکانییەوە بە تەواوی قەدەغە کراوە، تەنانەت ڕێگە نادرێت هاووڵاتیان بڕێکی زۆر کەمیش بۆ پێداویستی ناوماڵ ببەنە ژوورەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخەکان.
بەپێی زانیارییەکانی مەسەدە، کارەبای ناوچەکە زیاتر لە 28 ڕۆژە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارەبای حەلەبەوە بڕدراوە، لە کەرتی پەروەردەشدا، زیاتر لە 25 هەزار قوتابی لە خوێندن بێبەش بوون و قوتابخانەکان داخراون، لەسەر بازگەکان، هاووڵاتیان و ئافرەتان پشکنینی توندیان بۆ دەکرێت و گەنجان تەنیا بەهۆی هەبوونی وێنە یان هێمای کلتووری کوردی و ئاماژەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان یان هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو مۆبایلەکانیاندا، دەستگیر دەکرێن.
دۆخی تەندروستیش گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار، تاکە نەخۆشخانەی ناوچەکە بەهۆی نەمانی ئۆکسجین بۆ بەشی چاودێری ورد، کەمیی دەرمان و نەمانی سووتەمەنییەوە لە لێواری پەککەوتندایە، لە کۆی 5 دەروازەی سەرەکی، تەنیا یەک دانەیان (بازگەی عەوارز) بە کراوەیی ماوەتەوە کە ئەویش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەرە و ڕێگری لە گواستنەوەی کەلوپەل و کەرەستەی بیناسازی دەکرێت، دانیشتوانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە ئەم ئابڵۆقەیە وەک سزایەکی بەکۆمەڵ دژی کوردانی حەلەب بەکاردەهێنرێت.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، وەک دوو ناوچەی ستراتیژیی کوردنشین لە حەلەب، لە ماوەی ساڵانی شەڕی سووریادا چەندین جار ڕووبەڕووی شەڕ و ئابڵۆقە بوونەتەوە.
ئەم گەڕەکانە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە دەپارێزرێن و لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی خۆسەرن. سەرەڕای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و داڕمانی ڕژێمی پێشوو، هێشتا ململانێی گروپە جیاوازەکان لە دەوروبەری ئەم گەڕەکانە بەردەوامە و وەک ئامرازێکی گوشاری سیاسی دژی مافە کلتووری و سیاسییەکانی کورد لە سووریا بەکار دەهێنرێت.
