پارتی دوو کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت

نەوزاد هادی و فوئاد حوسێن
نەوزاد هادی و فوئاد حوسێن

پارتی دیموکراتی کوردستان هەر یەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید دەکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی باڵاوە وەریگرتوون؛ پارتی دیموکراتی کوردستان هەردوو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی، فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید دەکات. 

کوردستان24 زانیویەتی، پارتی بە فەرمی سیڤی ئەو کاندیدەی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، کاتژمێر 03:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکە داخرا. تا ئا ئەمڕۆ نزیکەی 50 کەس خۆیان کاندید کردووە. 

 

فوئاد حوسێن کێیە؟

- فوئاد محەممەد حوسێن بەگ، لە ساڵی 1946 لە شاری خانەقین لەدایکبووە.

- ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.

- ساڵی 1971 بەشی زمانی ئینگلیزیی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغدا تەواو کردووە.

- ساڵی 1974 پەیوەندیی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە کردووە.

- ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، لە هۆڵەندا بووەتە پەنابەر.

- ساڵی 1976 بووەتە سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات.

- ساڵی 1987 بووەتە جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس.

- ساڵی 1984: وازی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێناوە و وەک کەسایەتییەکی سیاسیی سەربەخۆ لە کاری سیاسی بەردەوام بووە.

- لە ساڵانی 1984 - 1995 مامۆستا بووە لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکان.

- ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، گەڕاوەتەوە عێراق و لە وەزارەتی پەروەردە دەستبەکار بووە و سەرپەرشتیاری داڕشتنەوەی پرۆگرامی خوێندن بووە.

- ساڵی 2005 لەگەڵ دامەزراندنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بووەتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.

- لە ساڵانی 1995 - 1996 بەڕێوەبەری کارگێڕیی ڕێکخراوی پەنابەرانی حکوومی بووە.

- لە ساڵانی 1996 - 2003 بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاهێنان بووە.

- لە ساڵانی 2018 - 2020، لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، وەزیری دارایی عێراق بووە.

- لە ساڵی 2020 تا ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە.

بەشداریی لە کۆنگرەکانی ئۆپۆزسیۆن:

-  1991: کۆنگرەی بەیرووت
 - 1992: کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە ڤیەننا
 - 1999: کۆنگرەکانی واشنتن و پیرمام
-  2002: کۆنگرەی لەندەن

- فوئاد حوسێن، جگە لە زمانی کوردی، زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و هۆڵەندیش دەزانێت و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

 

-----------------------------------------

نەوزاد هادی کێیە؟

نەوزاد هادی مەولوود محەممەد، ئەندازیار و سیاسەتمەدارێکی دیاری هەرێمی کوردستانە کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە چەندین پۆستی باڵای حیزبی و حکوومیدا خزمەتی کردووە.

- لە ساڵی 1963 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. خوێندنی ئەکادیمیی لە بواری ئەندازیاریدا تەواو کردووە و لە ساڵی 1987 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کارەبا لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بەدەستهێناوە. ئەو شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی هەیە. نەوزاد هادی خێزاندارە و خاوەنی سێ کوڕ و کچێکە.

- لە ساڵی 1992 پەیوەندیی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. کاروانی سیاسیی ئەو بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

لە ساڵانی 1992-1996 وەک ئەندازیار لە مەکتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری کردووە، بەتایبەتی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان و تەلەڤزیۆنی کوردستان.

لە ساڵانی 1996-2004 لە کابینەی سێیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پۆستی بریکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی وەرگرتووە و تا ساڵی 2004 لەو پۆستەدا بەردەوام بووە.

لە ساڵانی 2004 بۆ 2019 بۆ ماوەی 15 ساڵ وەک پارێزگاری هەولێر کاری کردووە. لە ماوەی پۆستەکەیدا، هەولێر گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینی و زیاتر لە 14 هەزار پڕۆژە بە گوژمەی 10 ملیار دۆلار ئەنجامدراون.

ساڵی 2019 دوای وازهێنانی لە پۆستی پارێزگار، وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، دەستبەکاربووە.

 

پۆستە حیزبییەکان

- ساڵی 1999 نوێنەری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

- ساڵی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتیدا، وەک ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا.

- ساڵی 2022 لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتیدا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و دواتر بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی.

- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای مووسڵ (نەینەوا): ئێستا ئەم پۆستەی هەیە و کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی پارتی لەو ناوچەیە دەکات.

- نەوزاد هادی یەکێکە لەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە لە ماوەی کارکردنیدا، بە تایبەت لە پۆستی پارێزگاری هەولێر، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەپێدانی شارەکەدا هەبووە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل