ئیسرائیل: ڕێگە نادەین واشنتن فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بە تورکیا بفرۆشێت
شارین هاسکێڵ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئیسرائیل ڕێگە بە ئەمەریکا نادات فڕۆکەی جەنگی "ئێف 35" بە تورکیا بفرۆشێت، چونکە لە هەر بارودۆخێکدا بێت تورکیا لە دژی ئێمە بەکاریدەهێنێت.
دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، شارین هاسکێڵ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، نیگەرانیمان هەیە سەبارەت بە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی "ئێف 35" لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ تورکیا، هاوکات گوتویەتی،"بەشێکی بەرچاو لە تەکنەلۆژیای بەکارهێنراو لەم فڕۆکانەدا لە ئیسرائیل پەرەی پێدراوە، ڕوونە کە ئێمە لەگەڵیان هاوبەشی ناکەین، وە نامانەوێت تورکیا ببێتە خاوەنی ئەو فڕۆکەیە".
هاسکێل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل نیگەرانە لە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، کە بە جددی بیر لە ڕێککەوتنێک دەکاتەوە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی "ئێف 35" بە تورکیا، جەختی لەوەشکردووەتەوە، "تەکنۆلۆژیای ئیسرائیل بەشێک نابێت لە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە، تەنانەت ئەگەر فڕۆکەکان بگەنە دەستی تورکیا، هێشتا ئێمە ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەو لایەنە تەکنەلۆژییانەی ئیسرائیل نادەین کە لە پەرەپێدانی ئەو فڕۆکانەدا بەکارهاتووە".
قسەکانی شارین هاسکێڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە دوای ئەوە دێت کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا بیر لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی "ئێف 35" بە تورکیا دەکاتەوە، بەڵام متمانەی خۆی دەربڕیوە کە ئەنقەرە لە هیچ بارودۆخێکدا ئەو فڕۆکانە دژ بە ئیسرائیل بەکارناهێنێت.
