55 سەربازی کوبا و ڤەنزوێلا لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادۆرۆدا کوژراون

هەردوو حکوومەتی کوبا و ڤەنزوێلا ئاماری فەرمیی کوژراوانی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکەی ئەمەریکایان بۆ سەر کاراکاس بڵاو کردەوە، کە تێیدا نیکۆلاس مادورۆ دەستگیر کرا. بەپێی ئامارەکان کۆی گشتی 55 سەرباز و ئەفسەری باڵای هەردوو وڵات کوژراون.

ڕۆژی سێشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2026, حکوومەتی کوبا ناوی 32 ئەندامی هێزە سەربازییەکانی بڵاو کردەوە کە لە هێرشەکەی شەوی 3ـی کانوونی دووەمدا لە کاراکاس کوژراون، لەنێویاندا سێ ئەفسەری باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە هەن.

هاوکات سوپای ڤەنزوێلا لیستی 23 سەرباز و ئەفسەری خۆی بڵاو کردەوە کە لە هەمان هێرشدا کوژراون، کە پێنج فەرماندەی باڵای هێزی دەریایی یان تێدایە.

ڤلادیمێر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سەرۆکایەتی لەلایەن سەربازانی ئەمەریکاوە بە کۆمەڵ کوژراون و لەناو براون، کاتێک هێزەکان بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ هەڵیانکوتایە سەر شوێنی مانەوەی.

لە ماوەی 12 ساڵی حوکمڕانییە پڕ لە کێشەکەیدا، مادۆرۆ هاوشێوەی هوگۆ چاڤێزی پێش خۆی، پشت بە هێزە تایبەتەکانی کوبا دەبەست بۆ پاراستنی خۆی. بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کوژراوانی کوبا لەم هێرشەدا، ئاماژەیە بۆ قووڵایی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل