پەرلەمانی عێراق پرسی داهاتە نانەوتییەکان تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە 3ی خۆی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە ڕۆژی شەممە 10ی کانوونی دووەمی 2026 بەڕێوەبچێت. 

تەوەری سەرەکیی ئەم دانیشتنە کە لە چوارچێوەی یەکەم وەرزی یاسادانانی خولی شەشەمدایە، تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆیەکی گشتی سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی عێراق.
بەپێی ئەو کارنامەیەی کە فەرمانگەی کاروباری پەرلەمانی بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنەکە کاتژمێر 11ی بەیانی دەستپێدەکات. 

بڕگەی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکە بریتییە لە بانگهێشتێکی گشتی بۆ پەرلەمانتاران بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی سەرچاوەکانی داهاتە نانەوتییەکان بکەن.

 ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی نوێ لە سەرەتای کارەکانیدایە و دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیانەوە ڕێگەچارەیەک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی عێراق بدۆزێتەوە.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک و هەردوو جێگرەکەی کە بە دەنگی ئەندامە نوێکانی پەرلەمان هەڵبژێردران.

دانیشتنەکە دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات و تێیدا پەرلەمانتاران سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی دەوڵەت لە دەرەوەی کەرتی نەوت دەخەنە ڕوو. چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە ببێتە جێی بایەخی فراکسیۆنە جیاوازەکان، بەتایبەت لەم قۆناغەی کە عێراق پێویستی بە جێگیرکردنی بودجە و دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هەیە.
ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی و بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە دارایی وڵات بەردەوام لەژێر ڕەحمەتی گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتدا بێت لە بازاڕە جیهانییەکاندا. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل