سوپای سووریا هێرشی سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەبی دەستپێکرد
پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا ڕایگەیاند، سوپا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە حکوومەتی سووریا دەستیان بە هێرشکردنە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب کرد.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026، هەزاران هاووڵاتیی کوردی نیشتەجێی هەردوو گەڕەک لە ژێر کاریگەریی بۆردومانی هەڕەمەکی هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە، ئاوارە بوون.
هەروەها بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردووەتەوە، جگە لە سوپای سووریا، گرووپە چەکدارەکانی حەمشات و حەمزات، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندی شارەدێی دێر حافر، لەگەڵ ئەمەشدا بە تۆپ و هاوەن و چەکی دیکەی قورس، بە هەڕەمەکی کەوتوونەتە تۆپبارانی هەموو ئەو شوێنانەی کوردنشین لە ناوەندی شاری حەلەب.
شارەدێی دێر حافر بەدووی زیاتر لە 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب.
دوو ڕۆژە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لەلایەن هێزەکانی سووریاوە گەمارۆدراوە و کاتژمێر سێی ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای سووریا دوای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر بڕیاری هێرشکردنە سەر هەردوو گەڕەکەکەی دەرکرد و ڕایگەیاند، تەنیا دوو ڕێڕەی مرۆیی بۆ دەرچوونی خەڵکی مەدەنی دەکرێنەوە.