گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە گەمارۆدراون و بە ناوچەی سەربازی ڕاگەیەندران
سوپای سووریا هێرشەکانی دەستپێکرد و هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەبی گەمارۆداوە و ناوچەکەشی بە ناوچەی سەربازی ڕاگەیاند، لە بەرانبەردا ئەنجوومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکەکە دەڵێت، بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و بە هەڕەمەکی بۆردومانی خەڵکی مەدەنی دەستیپێکردووە، بەڵام لە بەرگرییکردن لە خاک و مافەکانمان کۆڵنادەین.
سوپای سووریا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 3ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرجەم ڕێگەکانی چوون و دەرچوون لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب دادەخرێن و سنوورەکە دەبێتە ناوچەیەکی سەربازی، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنیا دوو ڕێڕەی مرۆیی بۆ دەرچوونی خەڵکی مەدەنی دەکرێنەوە.
لەلایەن خۆیەوە ئەنجوومەنی گشتیی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب، ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆپبارانکردنێکی هەڕەمەکی بۆ سەر هەردوو گەڕەک و خەڵکی مەدەنی دەستیپێکردووە و ئامانجیان ترساندن و شکاندنی ئیرادەی هاووڵاتیانی کوردە، بەڵام دەبێت شەڕ و بەگریی لە پێناو ماف و مانەوەی کورد بکرێت.
هەروەها داوا لە هاووڵاتیانی کوردی دانیشتووی هەردوو گەڕەک دەکەن، شانبەشانی هێزەکانی ئاسایش بەگریی لە ماڵەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بکەن و لە هەموو سەنگەرەکانیدا بەرپەچی هێرشی دومنکارانە بدنەوە.
ئەنجوومەنی گشتیی پەیامێکی ئاراستەی ڕای گشتیی و هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس هێرشی سەر هەردوو گەڕەکەکەی دەستپێکردووە
بەهۆی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە، دووەم ڕۆژە دەرگای قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانی هەردوو گەڕەکەکە داخراون و بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا نۆ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا خەڵکی مەدەنی و ئافرەت و منداڵیش هەن.