هەسەدە: مافی تەواومان هەیە وەڵامی تۆپبارانی گروپە چەکدارەکان بدەینەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: بەهۆی تۆپبارانی بەردەوام و هەڕەمەکی گروپە چەکدارەکان بۆ سەر شاری دێر حافر، مافی یاسایی و ڕەوای خۆیانە بەرگری لە چەکدار و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە بکەن. هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ ماڵی هاووڵاتیانی کردووەتە ئامانج و مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان دروست کردووە.
لە بەیاننامەیەکی نوێدا کە لە 6ی کانوونی دووەمی 2026 لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، گروپەکانی عەمشات و حەمزات کە لە لیستە نێودەوڵەتییەکانی سزادان دان، بە چڕی شاری دێر حافریان تۆپباران کردووە. 

هەسەدە جەختی کردەوە، سەرەڕای توندیی هێرشەکان، هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی بەر ڕیزەکانی هێزەکانیان نەکەوتووە، بەڵام پڕۆسەکە بە مەبەست بۆ ترساندنی خەڵک و تێکدانی سەقامگیری بووە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەو گروپانەی بە بەرپرسیاری یەکەم لە تێکچوونی دۆخەکە و ئەنجامدانی تاوان دژی مەدەنییەکان ناساند و ڕایگەیاند، هەر لێکەوتەیەکی مەترسیدار لە ئەنجامی ئەم پێشێلکارییانە بکەوێتەوە، لە ئەستۆی لایەنی هێرشبەردایە.

 ئەم هەڵوێستەی هەسەدە وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەیی هێزەکانیان بۆ هەر ئەگەرێکی وەڵامدانەوە دەبینرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان.
ناوچەی دێر حافر لە دەورووبەری ڕۆژهەڵاتی حەلەب، یەکێکە لەو خاڵە هەستیارانەی کە بەردەوام ئاڵۆزیی ئەمنی بەخۆوە دەبینێت، گروپە چەکدارەکانی وەک عەمشات و حەمزات کە لە چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتیدا بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کراون، لەم ناوچانەدا جێگیرن و زۆرجار هێڵەکانی بەریەککەوتن تۆپباران دەکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل