بەفر ڕێگەی زۆربەی گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی داخستووە
سێ ڕۆژە بەفربارین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا بەشێک لە ڕێگەکانی نێوان شارەکان و ڕێگەی دەیان گوند خاوێن نەکراونەتەوە و هەر وا داخراون.
چەند ئوتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی بۆکان و مهاباد سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی ڕێگەی بۆکان-مەهابادن کە بە ڕێگەی 'بورهان' ناسراوە؛ هەرچەند ئێستا ئۆتۆمبیل بەسەر ڕێگەکەدا هاتوچۆ دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆری ڕێگەکە هێشتاش بەفر و سەهۆڵی پێوەیە و هاتوچۆ بەسەریدا زۆر مەترسیدارە.
مام ڕەسووڵ، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی کەپەکەند، چەند ڕۆژێکە بە شۆڤڵە بچووکەکەی خۆی، خەریکی خاوێن کردنەوەی ڕێگەی نێوان گوندەکانە، بە کوردستان24ـی گوت: من بۆ خۆم هاتووم بۆ پاککردنەوەی ئەم ڕێگەیە، دەنا نە شارەوانی و نە ڕێگەوبان داوایان لێم نەکردووە. هیچ زەحمەتیش نییە، بەڵکوو ئەرکی سەرشانمە، خەڵک هەیە نەخۆشە، دەبێ بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، ئەگەر ڕێگەکە نەکرێتەوە خەڵکەکە تێدا دەچن.
هەر لەم ناوچەیە ڕێگەی دەیان گوند هێشتا نەکراوەتەوە و دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 ڕۆژە هیج هاتوچۆیەکیان بۆ دەرەوەی گوندەکانیان نەبووە و ئەوانەش وا لە شار یا گوندەکانی دیکە بوون نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان. هاووڵاتییان لە دۆخێکی زۆر دژواردا دەژین و بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان تووشی ئاستەنگی گەورە بوون. ئەو فرۆشیار و چەرچی و کاسبکارانەی لەم گوندانە کاسبی دەکەن، لەبەر داخرانی ڕێگەکان، کاسبییان پێ ناکرێت.
ئەبووبەکر لەگزی، کوتاڵفرۆش، دەڵێت: ڕێگەی زۆربەی گوندەکان هێشتا داخراون، منیش کاسبییەکەم لە گوندەکانە، تا ڕێگەکان نەکرێنەوە، کاسبیم پێ ناکرێت.
بە پێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی 'ئیرنا' بڵاوی کردووەتەوە شەپۆلی بەفربارینی حەفتەی ڕابردوو لە پارێزگای ورمێ ڕێگەی 236 گوند و لە پارێزگای سنەش ڕێگەی زیاتر لە 400 گوندی گرتبوو و هاتوچۆی پەکخستبوو. ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕێگاوبانی ئەم دوو پارێزگایە ڕایانگەیاندووە ڕێگای سەرجەم گوندەکانیان خاوێن کردووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێگەی دەیان گوندی ناوچە شاخاوییەکانی ئەم دوو پارێزگایە داخراون.
