لە هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی ئاو بوژاونەتەوە
دوای ساڵێک لە دڵەڕاوکێ و ترسی وشکەساڵی، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە ڕەحمەت و بەرەکەتێکی زۆرەوە هاتەوە گۆ و مەترسییەکانی کەمئاوی ڕەواندەوە. شەپۆلەکانی باران و بەفری مانگی ڕابردوو نەک هەر پۆند و بەنداوە بچووکەکانی سەرڕێژ کرد، بەڵکو ئاستی ئاوی لە بەنداوە گەورەکانیش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزکردەوە.
دیمەنی چەم و دۆڵەکان گۆڕاون؛ ئەو شوێنانەی پارساڵ لە تینوێتیدا وشک ببوون، ئێستا جۆگەی ئاویان تێدا ڕێچکەی گرتووە. بارانی ئەمساڵ تەنیا دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو ژیانەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بوو. لە زۆربەی ناوچەکان، ڕێژەی بارانبارین دوو ئەوەندەی تێکڕای ساڵی ڕابردووی تێپەڕاندووە، ئەمەش وایکردووە زۆربەی پۆند و بەنداوە مامناوەندەکان توانای گلدانەوەی ئاویان نەمێنێت و سەرڕێژ بکەن.
بەنداوی دوکان کە وەک سییەکانی هەرێمی کوردستان وایە، باشترین گەواهی ئەم گۆڕانکارییەیە. پارساڵ لەم کاتانەدا ئاستی ئاوەکەی بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیبوو، بەڵام ئەمساڵ وێنەکە تەواو پێچەوانەیە.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان: بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ "بەهۆی هەردوو شەپۆلی دوایی بارانبارینەوە، بڕی 322 ملم باران لە ناوچەکە باریوە. ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاوی بەنداوەکە 4 مەتر و 39 سانتیمەتر بە شێوەیەکی ستوونی بەرز ببێتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بڕی ئەو ئاوەی ئەمساڵ هاتۆتە ناو بەنداوەکە، حەوت ئەوەندەی ساڵی ڕابردووە."
لە ئیدارەی ڕاپەڕین، سپێتیی بەفر چاوەکان تێر دەکات. لە هەندێک ناوچە شاخاوییەکان، بەفر دوو مەتری تێپەڕاندووە، کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە. هەرچەندە بەفرەکە ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکرد، بەڵام بۆ جووتیاران و ئاژەڵداران، ئەمە مژدەی ساڵێکی تێرئاو و سەوزەڵانییە.
حاجی محەمەد ئەمین، هاووڵاتی دەڵێت: "ئەم بەفر و بارانە بەرەکەتە، خەڵک بێهیوا ببوون و دەمانگوت ئەگەر وا بڕوات وشکەساڵی ژیانمان تێکدەدات. بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا مەترسییەکان نەمان و هەموومان گەشبینین بەم ساڵە."
ئامارەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین ئاماژە بەوە دەکەن کە تێکڕای بارانبارین لە 400 ملم نزیک بووەتەوە، ئەمەش چوار ئەوەندەی بڕی بارانی پارساڵە لە هەمان کاتدا. شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەمساڵ یەکێک بێت لە ساڵە هەرە تەڕ و باراناوییەکان، کە کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی ساڵانی ڕابردوو بە تەواوی بڕەوێنێتەوە و گوزەرانی گوندنشینان و کەرتی کشتوکاڵ ببوژێنێتەوە.
ئێستا کە لە سەرەتای وەرزی زستانداین، سروشتی کوردستان بەرگی سپی و سەوزی پۆشیوە، ئاوەکان بە خوڕ دەڕۆن و هیوا بۆ ساڵێکی پڕ بەرهەم لە دڵی هەموواندا چەکەرەی کردووە.
