حەلەب.. زیاتر لە 2300 هاووڵاتی ئاوارە بوونە
هاوکات لەگەڵ نوێبوونەوەی پێکدادانە سەختەکان بۆ ڕۆژی دووەم لە شاری حەلەب و کوژرانی چەندین کەس، تیمەکانی فریاگوزاری زیاتر لە 2300 هاووڵاتیی مەدەنییان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکان گواستووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە دەستەی فڕۆکەوانیی سووریا ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی حەلەبی درێژ کردەوە، کە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی گرژییەکان.
لە سایەی بەردەوامیی پێکدادانەکان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە شاری حەلەب، دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕووی لە خراپبوون کردووە و هەزاران کەس ئاوارە بوونە.
بەرگریی شارستانیی سووریا کە سەر بە وەزارەتی فریاکەوتن و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، تا پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، توانیویانە 2 هەزار و 324 هاووڵاتیی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بگوازنەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕوونی کردووەتەوە، کە پرۆسەی گواستنەوەکە لە ڕێگەی هەردوو ناوچەی "عەوارز" و "شەقامی زهوور"ـەوە ئەنجام دراوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ دۆخی سەختی مرۆیی و بۆردومانی بەردەوام. هاوکات تیمەکان فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ بریندارەکان دابین کردووە.

میدیا فەرمییەکانی حکوومەتی سووریا هێزەکانی هەسەدە تۆمەتبار دەکەن بەوەی ماڵی هاووڵاتییانیان کردووەتە ئامانج و خەڵکی مەدەنی وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکار دەهێنن، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دەیان خێزان ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. لە بەرانبەردا، هێزە کوردییەکان دیمەشق بە دەستپێشخەری لە هێرشەکان و گەمارۆدان تۆمەتبار دەکەن.
داخستنی فڕۆکەخانە
وەک دەرئەنجامی دۆخە ئەمنییەکە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریا بڕیاری دا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب تا کاتژمێر 11ـی شەوی پێنجشەممە درێژ بکاتەوە. بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق دەگوازرێنەوە تا ئەو کاتەی هەڵسەنگاندنی ئەمنی و هونەری تەواو دەبێت.
خوێندنەوەی سیاسی و سیناریۆی داهاتوو
لەسەر ئاستی سیاسی، چاودێران پێیان وایە ئەم گرژییانە دەرەئەنجامی بنبەستبوونی دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان دیمەشق و هەسەدەیە سەبارەت بە تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکان و ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری ساڵی 2025 .
وائیل عەلوان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری "جسور" بۆ لێکۆڵینەوە، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" ئاماژەی بەوە داوە حکوومەتی سووریا بە دەستەبەریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەوڵی سەپاندنی واقعێکی نوێ بدات.
بە بڕوای ناوبراو، سیناریۆی هەرە بەهێز بریتییە لە: "کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەڕەکەکانی حەلەب لە لایەن حکوومەتەوە، لە بەرانبەردا مانەوەی دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا وەک خۆی، لەگەڵ بەردەوامیی لێکتێگەیشتنەکان بە شێوەیەکی خاو و لەسەرخۆ."
