ئاسایش: دیمەشق گرووپی سزادراوەکان بۆ هێرشکردنە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەکاردەهێنێت
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیەندراوێکدا پەردەی لەسەر ناسنامەی ئەو هێزانە هەڵدایەوە کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بۆردوومان دەکەن و ڕایگەیاند، حکوومەتی دیمەشق لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا پەنای بۆ کۆمەڵێک گرووپی "سزادراوی نێودەوڵەتی" وەک (عەمشات و حەمزات) بردووە کە مێژوویەکی ڕەشیان لە تاوانکاری هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی 60 هاووڵاتی مەدەنی و وێرانبوونی سەدان خانوو.
چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئاشکرا کرد کە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، و ڕایگەیاند کە ئەمانە گرووپی سزادراوی نێودەوڵەتین و لەلایەن حکوومەتی دیمەشقەوە بەکاردەهێنرێن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە و پشتبەستن بە بەڵگە ڤیدیۆییەکان، هێزە هێرشبەرەکان بریتین لە:
فیرقەی 62 (ناسراو بە سلێمان شا - عەمشات)
فیرقەی 72 (ناسراو بە سوڵتان موراد)
فیرقەی 76 (ناسراو بە حەمزات)
فیرقەی 80 (ناسراو بە بزووتنەوەی نوورەدین زەنگی)
ئاسایشی حەلەب ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم گرووپانە لە لیستە نێودەوڵەتییەکانی سزادان تۆمار کراون و پێشینەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییان هەیە لە سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا. دەشڵێت: سەرەڕای دۆسیە خراپەکەیان، ئەم گرووپانە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی دیمەشقەوە داڵدە دەدرێن و سەرپەرشتی دەکرێن.
سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکان، ئامارەکان بەم شێوەیەن:
8 هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون.
52 هاووڵاتی دیکە بریندار بوون.
زیان بە لایەنی کەم 300 خانوو و دەیان ناوەندی خزمەتگوزاری و پزیشکی گەیشتووە.
لە کۆتاییدا هێزەکانی ئاسایش ئەم هێرشانەی بە تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کردووە و هۆشداریداوە کە بەکارهێنانەوەی ئەم گرووپانە لەژێر ناوی فەرمیدا قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە.