ئەنەکەسە داوای ڕاگرتنی هێرشەكانی سهر حەلەب دەكات
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە پێکدادان و بۆردومانەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەربڕی و هۆشداری دا لەوەی پۆلێنکردنی ئەو ناوچانە وەک "ناوچەی سەربازی" لەلایەن سوپای سووریاوە، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، هاوکات داوای دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر دەکات بۆ پاراستنی مافەکان.
چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە"لە ڕاگەیەنراوێکدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکان و پێکدادانەکانی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەربڕی، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن و دەیان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی تێیدا نیشتەجێن.
ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، بۆردومانی تۆپخانە و مووشەکی بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە و بەردەوامیی پێکدادانەکان لە ناوچە مەدەنییەکاندا، بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی.
هاوکات شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون دەستی پێ کردووە و هەزاران خێزان ناچار بوون ماڵەکانیان لەو دوو گەڕەکە و ناوچەکانی دەوروبەری جێبهێڵن، ئەمەش هێمایە بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و ئەمنی لە شارەکەدا.
مەترسیی بە سەربازیکردنی ناوچەکە
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنەکەسە هۆشداریی توندی داوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا، بە تایبەتی پۆلێنکردنی ئەو دوو گەڕەکە وەک "ناوچەی سەربازی" و بانگەشەکردن بۆ چۆڵکردنیان لە لایەن دانیشتووانەوە. ئەنجوومەنەکە ئەم هەنگاوەی بە "نیشانەیەکی مەترسیدار" پێناسە کردووە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیانی گیانیی زیاتر بە مەدەنییەکان و لێکەوتەکانی پەلی بۆ ناوچەکانی دیکەی سووریاش بکێشێت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، چەند داواکارییەکی خستووەتە ڕوو:
-ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ.
-ڕێگەدان بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی بۆ لێقەوماوان.
-پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە و ڕووژاندنی میدیایی.
-مسۆگەرکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و دوورخستنەوەی ناوچە نیشتەجێبووەکان لە ململانێکان.
پەیامی سیاسی بۆ دیمەشق
ئەنەکەسە داوا لە حکوومەتی سووریا دەکات دەستپێشخەری بکات بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر کە چارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکات.
هەروەها داوای کردووە کە مافی پێکهاتەکانی سووریا لە پێش هەموویانەوە مافەکانی گەلی کورد، بە شێوەیەکی دەستووری بپارێزرێن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە وڵاتەکەدا.
ماوەی دوو ڕۆژە هەر دوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب، لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە گەمارۆدراون و کاتژمێر سێی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری هێرشکردنە سەر هەردوو گەڕەکەکە درا.