قەرزە گشتییەکان.. ئاڵنگارییەکی نوێی بەردەم ئابووریی جیهان
پێشبینی دەکرێت ساڵی 2026 ببێتە ساڵی بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزە گشتییەکان و دەرکەوتنی ئاستەنگی نوێ بۆ بانکە ناوەندییەکانی جیهان.
چەندان دامەزراوەی دارایی ناسراوی جیهانی، وەک (سیتی گرووپ، گۆڵدمان ساکس، بلاک ڕۆک و دۆیچە بانک)، نوێترین پێشبینیی خۆیان لەبارەی داهاتووی قەرزەکانی جیهان خستووەتەڕوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوانە، یەکێک لە دیارترین ئاڵنگارییەکانی ساڵی 2026، هەڵکشانی قەرزە گشتییەکانە بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
دامەزراوەکان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی زیاتری قەرزە گشتییەکان، بەتایبەت قەرزی زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو 100%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕاندووە. هاوکات وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانیش ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی قەرز بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە حکوومەتەکانیان توانایەکی دارایی کەمیان لەبەردەستدا بێت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانیان.
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوەکانی وەک (دۆیچە بانک، بارکلیز و بانک ئۆف ئەمەریکا) هاوڕان، قەرزە گشتییەکان و فراوانبوونی کورتهێنانی دارایی، فشارێکی گەورە لەسەر سیاسەتی دراو دروست دەکەن. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بەتایبەت بانکی ناوەندیی ئەمەریکا و بەریتانیا.
قەرزە گشتییەکانی جیهان دوای پەتای کۆڤید-19 و بەهۆی خەرجییە زۆرەکانی حکوومەتەکان بۆ پشتیوانیی ئابووری، گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی. بەپێی دوایین داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، کۆی قەرزی گشتیی جیهان نزیکەی 93%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێکدەهێنێت. ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) پێشبینی دەکات قەواڵە قەرزییە حکوومییەکان لە وڵاتانی ئەندام لە ساڵی 2025دا بگاتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ.
هەرچەندە بانکە ناوەندییە گەورەکانی وەک بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا لە ساڵی 2025 دەستیان بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود کردووە بۆ هاندانی ئابووری، بەڵام ئەم هەنگاوە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی زیاتری قەرزکردن لەلایەن حکوومەتەکانەوە. ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە وای کردووە دامەزراوە داراییەکان بە گومانەوە سەیری داهاتووی سەقامگیریی ئابووریی جیهان بکەن.
