پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا: بە شێوەیەکی کاتی شەڕ لە حەلەب وەستاوە
دوای زنجیرەیەک پێکدادانی سەخت کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەس، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کە شەڕ لە شاری حەلەب بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە، بەڵام گەیشتنی هێزی سەربازیی زۆر لە لایەن حکوومەتی سووریا ئاماژەیە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان.
چوارشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنوەر عەبدولـلەتیف، پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا، نوێترین زانیاریی سەبارەت بە دۆخی مەیدانیی شاری حەلەب ئاشکرا کرد و گوتی: ئێستا دۆخەکە تا ڕادەیەک ئارام بووەتەوە و شەڕ و پێکدادانەکان بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.
پەیامنێری کوردستان24 ڕوونی کردەوە، کە گرژییەکان لە دوێنێوە دەستیان پێ کردووە و تا کاتژمێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەردەوام بوون. هەرچەندە لە کاتژمێر 5ـی ئێوارەدا بۆ ماوەیەک شەڕ دەستی پێکردەوە، بەڵام لە کاتژمێر 6ـەوە تا ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکان، پێدەچێت جۆرێک لە ڕێککەوتنی کاتی یان لێکتێگەیشتن لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا هەبێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ.
جموجۆڵی سەربازی و نیازی حکوومەتی سووریا
سەرەڕای ئارامییە کاتییەکە، جووڵە سەربازییەکان ئاماژە بە دۆخێکی جیاواز دەدەن. ئەنوەر عەبدولـلەتیف ئاماژەی بەوە دا، کە کاروانێکی گەورەی سەربازیی سەر بە حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە دەوروبەری حەلەب.
هاوکات ئاشکرای کرد، بە پێی خوێندنەوە مەیدانییەکان، حکوومەتی دیمەشق خواستی هەیە دۆخەکە بە ڕێگەی سەربازی یەکلا بکاتەوە و ئامانجییەتی کۆنترۆڵی تەواوی پارێزگای حەلەب بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوانتر دەکات.
قوربانییان و دۆخی مرۆیی
پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا دەڵێت: شەڕی ئەم دوو ڕۆژە زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان، تا ئێستا زیاتر لە حەوت کەس کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش 50 کەسی تێپەڕاندووە.
هاوکات گوتیشی: لەسەر ئاستی مرۆیی، دۆخەکە بە "کارەساتبار" پێناسە دەکرێت، هەزاران خێزان بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچەکانی پێکدادان جێهێشتووە و ڕوویان لە مزگەوت و کڵێساکان کردووە بۆ خۆپاراستن.
پەیامنێری کوردستان24 جەختی کردەوە، کە سەرەڕای سەختیی دۆخەکە و سەرما و سۆڵە، بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان زۆر کەم و سنووردارە و خەڵک لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین.
ماوەی دوو ڕۆژە هەر دوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب، لە لایەن هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریاوە گەمارۆدراون و کاتژمێر سێی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی کانوونی دووەمی 2026، بڕیاری هێرشکردنە سەر هەردوو گەڕەکەکە درا.