لە هەڵەبجە، چێژی خواردن و میوزیکی ڕەسەنی کوردی تێکەڵ دەبن

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بوژاندنەوەی کولتوور و کەلەپووری کوردی، چەند خانمێکی شاری هەڵەبجە خواردنگەیەکیان بە ناوی "خانمانی" کردووەتەوە کە بووەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران و دانیشتووانی شارەکە.

ئەم خواردنگەیە بە دیزاینێکی تەواو کوردی و کەلەپووری رازێنراوەتەوە، کە هەستی سەردەمانی رابردوو بە میوانەکان دەبەخشێت.

 مریەم ناجی، سەرپەرشتیاری خواردنگەکە، ئاماژەی بەوەدا، ئامانجیان دروستکردنی کەشێکی کولتووری و سوننەتییە بۆ میوانەکان، هەر لە دیزاینی شوێنەکەوە تا دەگات بەو خواردنانەی پێشکەشی دەکەن.

خواردنگەی "خانمانی" تەنها شوێنێک نییە بۆ نانخواردن، بەڵکو ناوەندێکە بۆ نمایشکردنی کولتووری کوردی. لێرەدا میوانان دەتوانن چێژ لە خواردنە رەسەنەکانی وەک یاپراخ، کوبە، برنج و شلە وەربگرن، لە کاتێکدا گوێبیستی میوزیکی ڕەسەنی کوردی و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەبن.

تابان مەحموود، یەکێک لە سەردانکەرانی خواردنگەکە، دەڵێت: "لەرێگەی فێسبووکەوە ئاشنای ئەم شوێنە بووم و حەزم کرد سەردانی بکەم. لێرە چەندین خواردنی کوردی تام دەکەین وەک یاپراخ، کوبە و برنج و شلە."

جگە لە پێشکەشکردنی خواردنی بەتام، خواردنگەکە شوێنێکی تایبەتی بۆ ژەنینی میوزیکی ڕەسەنی کوردی تەرخان کردووە، کە ئەمەش زیاتر کەشێکی کولتووری و خۆماڵی بە شوێنەکە بەخشیوە.

ئەم هەنگاوەی خانمانی هەڵەبجە تەنها کردنەوەی خواردنگەیەک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی کولتوور و زمان و ڕەسەنایەتی کورد. ئەم جۆرە شوێنانە رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و ناساندنی کەلەپووری دەوڵەمەندی ناوچەکە بە جیهان.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل